دانەوێڵەی ورمێ: 72 سایلۆ و ناوەند بۆ وەرگرتنی گەنم تەرخانکراون

 
رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری دانەوێڵەی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێت، وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لەو پارێزگایە دەستیپێکردووە و بۆ ئەو مەبەستەش 72 سایلۆ و ناوەندی حکومی و تایبەت تەرخانکراون.
 
ئۆمێد زێنالی، بەڕێوەبەری دانەوێڵەی پارێزگای ورمێ رایگەیاند، وەرزی دروێنەی گەنم لە شارەکانی باکووری ئەو پارێزگایە و بە تایبەت لە دەشتەکانی شیبلۆ و شۆت دەستیپێکردووە و ئەم ساڵ بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران 72 سایلۆ و ناوەند کراونەتەوە؛ ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر پێویستی کرد ژمارەی ناوەندەکان زیاد دەکرێن.
 
ئۆمێد زێنالی گوتی، 29 سایلۆ لە پارێزگای ورمێ هەن کە توانای وەرگرتنی یەک ملیۆن تۆن گەنمیان هەیە؛ چواریان حکومین و 25ەکەی دیکەیان سەر بە کەرتی تایبەتن.
 
ئومێد زێنالی ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم ساڵ رووبەرێکی 401 هەزار هێکتاری لە زەوییە کشتوکاڵییەکانی پارێزگاکە بە گەنم چێندرا و پێشبینی دەکرێت بەرهەم بگاتە زیاتر لە یەک ملیۆن تۆن؛ گوتیشی، چاوەڕوان دەکرێت نزیکەی 70٪ی گەنمەکە لە لایەن حکومەتەوە وەربگیرێت.
 
حکومەتی ئێران بۆ ئەم ساڵ یەک کیلۆ گەنمی ئاسایی بە 17500 تمەن (30 سەنت) و یەک کیلۆ گەنمی پلە یەکیش بە 18 هەزار تمەن (31 سەنت) لە جووتیاران دەکڕێت.
 
بەڕێوەبەری دانەوێلەی پارێزگای ورمێ گوتی، پار 683 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی ئەو پارێزگایە لە لایەن حکومەتەوە وەرگیرا و ورمێ لە بەرهەمهێنانی گەنمدا لە سەر ئاستی ئێران پلەی پێنجەمی هەبوو.
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری دانەوێڵەی ورمێ، 18 کارگەی بەرهەمهێنانی ئاردیش لەو پارێزگایەدا هەن کە پێنجیان لە شاری ورمێن.