پێشەوا بەختیار
کەوتنەوەی ئاگر لە گوندەکانی سنووری شارباژێڕ تەڕ و وشکی پێکەوە سووتاند، هەرچەندە زیانی گیانیی لێنەکەوتەوە، بەڵام بەپێی ئامارە سەرەتاییەکانی پۆلیسی دارستانی سلێمانی، زیاتر لە دوو هەزار دۆنم زەوی سووتاوە.
هۆشیار یەکێکە لە دانیشتووانی گوندی نۆرەباب لە شارباژێڕ کە پیشەی شوانییە، دار بەڕوویەک کە رۆژانێک بۆ پشووی کورتی نیوەڕوان لەژێریدا کاتی بەسەردەبرد، بەهۆی ئاگرەکەوە سووتا، کە بە گوتەی دانیشتووانی گوندەکە تەمەنی دار بەڕووەکە سەروو 60 ساڵ بووە.
هۆشیار جەبار، دانیشتووی گوندی نۆرەباب دەڵێت، "شەش بۆ حەوت دارم بینی کە کەوتبوون، ئەگەرنا زۆر زۆر بوون ئەوانەی کە سووتابوون، کارەسات بوو؛ شتی وا نابێت."
لەژێر سێبەری یەکێک لەو دارانەی کە ئاگرەکە زیانی پێگەیاندووە لە گوندی ئەستێرک، مام لەتیف باسی ئەو زیانانەی بۆ پەیامنێری رووداو کرد کە بۆ ماوەیەکی درێژخایەن لەسەر دارەکان دەمێننەوە و گوتی، "ئەوەی روویدا هەرگیز هاوشێوەی نەبووە."
لەتیف محەممەد، دانیشتووی گوندی ئەستێرک دەڵێت، "دارە بەتەمەنەکان هەمووی سووتاون، ئەوەشی تەمەنی کەمە گەڵاکەی هەمووی زیانی بەرکەوتووە، مانگێکی دیکە هەمووی دەوەرێت، دوێنێ چووم سەیری دارەکانم کردەوە، نزیکەی 500 دار هەمووی سووتابوون، کەوتبوون."
جگە لە سووتانی دار و درەخت و رەز و پووش و پەڵاش، سەدان ئاژەڵی کێوی زیانیان پێگەیشتووە، کە سووتاون یان هەڵاتوون، هێشتا لە هەندێک جێگە دووکەڵی دارە سووتاوەکان دەچێتە ئاسمان.
سەلمان ئەمین، دانیشتووی گوندەکانی شارباژێڕ ئاماژە بەوە دەکات، "چۆلەکەی قوڕبەسەر هەمووی فڕیبوو، باڵندە هەمووی سووتا، دارەکان بە بەهای یەک ملیار دۆلار سووتاوە، ئەوانیش رۆح لەبەرن، تەنیا قسە ناکەن."
بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکانی پۆلیسی دارستانی سلێمانی، زیاتر لە دوو هەزار دۆنم زەوی لە شارباژێڕ سووتاون، کە هەمووی درەختی سرووشتی و رەز و باخی خەڵکی بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ