رووسیا: لە رێگەی دیالۆگەوە لەگەڵ دیمەشق چارەسەری پرسی کوردمان دەوێت، بەڵام ئەمریکا لێناگەڕێت
رووداو دیجیتاڵ
جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا، سەبارەت بە سیاسەتی مۆسکۆ بەرامبەر بە کێشەی کورد لە سووریا، دەڵێت، ئەوان لەگەڵ ئەوەن کورد بە گفتوگۆ کێشەکانی لەگەڵ دیمەشق چارەسەر بکات، بەڵام ئەمریکا رێگەنادات و نایەوێت کورد و حکومەتی سووریا رێکبکەون.
رۆژی سێشەممە، 20ی حوزەیرانی 2023، میخایل بۆگدانۆڤ، جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا لە ئاستانەی پایتەختی کازخستان پێش دەستپێکردنی گەڕی 20یەمی گفتوگۆکانی ئاستانە، بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، تورکیا و سووریا سەرقاڵی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیانن و مۆسکۆش ئەو پرۆسەیە بە "گرنگ" دەزانێت.
"ئەمریکا رێگرە لە رێککەوتنی کورد و دیمەشق"
لە کۆنفرانسی رۆژنامەڤانییەکەدا، بۆگدانۆڤ کە هاوکات نوێنەری ڤلادیمیر پووتینە بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمریکای تۆمەتبار کرد بەوەی رێگە بە لایەنە کوردییەکانی رۆژئاوای کوردستان نادات، گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی سووریا بکەن و رێکبکەون.
بۆگدانۆڤ گوتی "ئەمریکییەکان لەوێ پشت بە ژمارەیەک رێکخراوی کوردی دەبەستن و پشتگریان دەکەن کە لە رێگەی ئیدارەکەیانەوە سەرقاڵی رێکخستنی نیمچە دەوڵەتێکن، ئەمەش بەهەموو شێوەیەک قبوڵکراو نییە، ئەمە پێشێلکردنی سەروەریی خاکی دەوڵەتی سووریایە. بێگومان ئێمە لەگەڵ چارەسەرکردنی پرسی کوردین لە رێگەی دیالۆگەوە، بەڵام بەداخەوە، پێموابێت ئەمریکییەکان لەگەڵ ئەمە نین و رێگەنادەن هاوپەیمانە کوردییەکانیان بچنە دیالۆگێکی بوونیاتنەرانەوە لەگەڵ دیمەشق."
ئەمریکا نزیکەی 900 سەربازی لە رۆژئاوای کوردستان و باکووری سووریا هەیە و یەکێک لە ئەرکەکانیان مەشق و راهێنانە بە شەڕڤانانی هێزەکانی سووریای دیموکرات -هەسەدە، بەڵام رووسیا پێیوایە ئەمریکا بە ئامانجی دیکە لە سووریایە نەک رووبەڕووبوونەوەی داعش.
جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا دەڵێت: "بەبیانووی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، هێزی سەربازیی ئەمریکا لەوێ جێگرکراون، ئەمەش بوونێکی گەورەیە لەو ناوچەیە، بەتایبەتی لە پشت چەمی فوراتەوە، بێگومان ئەو ناوچانەش بۆ ئابووریی سووریا زۆر گرنگن. کێڵگە نەوتییەکان لەوێن کە سەبەتەی خۆراکی سووریایە. هەروەها لە ناوچەی تەنەف کە لە نزیک سنووری ئوردنە، لەوێش بوونێکی نایاسایی ئەمریکی، بوونێکی سەربازی هەیە."
"ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی سووریا و تورکیا گرنگە"
پێش دەستپێکردنی گەڕێکی نوێی دانوستاندنەکانی ئاستانە، شاندی رووسیا بە سەرۆکایەتیی بۆگدانۆڤ لەگەڵ شاندی سووریا بە سەرۆکایەتیی ئەیمەن سوسان، جێگری وەزیری دەرەوەی سووریا کۆبوونەوە. جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا، باسی پرۆسەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و سووریای کرد و رایگەیاند، ئەوە پرۆسەیەکی گرنگە و رووسیا بە تەواوەتی پشتگیریی دەکات.
هەروەها بۆگدانۆڤ گوتی: "ئێمە ئێستا مامەڵە لەگەڵ پرۆسەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان دیمەشق و ئەنقەرە دەکەین. ئەمەش پرۆسەیەکی گرنگە، کە پێویستە لەسەر بنەمای ئەو پرەنسیپانە بێت، کە لەسەری رێککەوتوون و بریتییە لە رێزگرتن لە سەروەریی خاک و یەکگرتوویی و سەربەخۆیی سووریا و تورکیا، ئەوان دراوسێی یەکدین. لەماوەی 12 ساڵی رابردوودا زۆر کێشە سەریانهەڵداوە، ئەو کێشانەش هی ئاوارەکانی سووریایە."
ئەمڕۆ چوارشەممە لە ئاستانە، جێگری وەزیرانی دەرەوەی رووسیا، تورکیا، سووریا و ئێران کۆبوونەوە، تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکەش ئاییندەی سووریا بوو.
وەزیرانی بەرگریی تورکیا و سووریا لە کۆتایی مانگی کانوونی یەکەمی 2022دا، بە نێوەندگیریی سێرگی شویگۆ، وەزیری بەرگریی رووسیا لە مۆسکۆ کۆبوونەوە، ئەمەش وەک یەکەم هەنگاوی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئەو دوو وڵاتە.
تورکیای ئەندامی ناتۆ، رۆڵێکی سەرەکی لە ململانێ نێوخۆییەکانی سووریا بینیوە، پشتیوانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریای کردووە و هێزە نزیکەکانیشی لە بەشێکی رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی باکووری سووریا جێگیرکردووە.
بۆگدانۆڤ سەبارەت بە هەنگاوی داهاتووی تورکیا و سووریا گوتی: "بێگومان، چەندین کێشەی دیکەش هەن، وەکو بوونی نایاسایی ئەمریکییەکان لەگەڵ کێشە ئابووری و مرۆییەکان. هەربۆیە ئەم پرۆسەیە زۆر گرنگە، هاوکات بەنێو دامەزراوەکانی تایبەت بە سیاسەتەکانی دەرەوە و بەرگری و هەواڵگرییدا تێدەپەڕێت".
"پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە بونیاتنانەوەی سووریا بەشداربێت"
قەیرانی سووریا کە زیاتر لە 12 ساڵە بەردەوامە، بەگوێرەی دوایین ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان، زیاتر لە 350 هەزار کەس کوژراون و نزیکەی حەوت ملیۆن کەسی دیکەش لە وڵاتە هەڵهاتوون و روویان لە وڵاتانی دیکە کردووە.
سەبارەت بە گەڕانەوەی ئاوارە و پەنابەرانی سووریا، جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا، دەڵێت: "گەڕانەوەی ئاوارەکان، نەک تەنیا پێویستی بە لەنێوبردنی تیرۆرستان هەیە، بەڵکو پێویستی بە ئاساییبوونەوەی دۆخەکە هەیە لەڕووی ئاسایش و هەروەها پرسەکانی ئابووری. لەگەڵ بونیاتنانەوەی ئابووری و ژێرخان و هەموو ئەو شارۆچکە و گوندانەی وێران بوون. پێویستە هەموو ئەمانە بکرێن و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش لەو کارەدا بەشدار بێت."
دوای 12 ساڵ لە دوورخستنەوەی لە کۆمکاری عەرەبی، مانگی رابردوو سووریا گەڕایەوە نێو ئەو رێکخراوە و ئەندامێتییەکەی کارا کرایەوە. رووسیاش پێشوازی لەو هەنگاوە کرد و رایگەیاند هەنگاوی داهاتوو دەبێت ئاساییکردنەوەی دۆخی سووریا بێت.
بۆگدانۆڤ دەڵێت: "ئێمە بە هیوای پشتگریی وڵاتانی عەرەبین، کە لەرێگەی ئاساییکردنەوە و گەڕانەوەی سووریا بۆ نێو کۆمکاری عەرەبی، پرۆسەکەی دەستیپێکردووە. ئەمەش بە بەشداریکردنی ئەسەد لە لووتکەکەدا [کۆمکاری عەرەبی]. ئێمە پێمانوایە ئەمانە ساتی گرنگن کە رێگەخۆشکەر دەبن بۆ چارەسەرکردنی چەندین کێشە، لەنێویان کێشە ئابووری و مرۆییەکان، یاخوود ئەوانەی پەیوەستن بە فەراهەمکردنی دۆخێک کە رێگە بە گەڕانەوەی ئاوارەکان بدات".