رووداو دیجیتاڵ
لە سەرەتای ئەم ڤیدیۆیەدا چرکەساتی رێگریی ژمارەیەک عەرەبی هاوردە لە جووتیارێکی کورد لە سنووری لەیلان دەبینن کە زیاتر لە 10 گەنجی هاوردە چوونە سەر زەویی جووتیارەکە و بە هەڕەشە، کارکردنیان بە جووتیارەکە راگرت. جووتیارەکە چەند خەتێک جووتی کردووە و کارەکەیان پێی راگرتووە.
مەجید محەممەد، ئەو جووتیارە کوردەیە کە عەرەبە هاوردەکان رێگرییان لێکردووە و بە رووداوی گوت، "تازە دەستمان کردبوو بە جووتکردن، جەماعەتێک هاتن کە ماڵیان لێرەیە لە یارمجە، هاتن تراکتۆر و شتەکەیان پێمان راگرت، گوتیان مەگەر بەسەر لاشەی ئێمەدا جووت بکەن و هەڕەشیان کرد."
هاوردەکان کە هەڕەشەی دەستگرتنە سەر زەوییەکان دەکەن، پێشتر لەسەردەمی دەسەڵاتی بەعس زەوییەکان لە کورد وەرگیراوەتەوە و بەوان دراوە، دواتر بەپێی دەستوور زەوییەکان بۆخاوەنەکانیان گەڕاوەتەوە و هاوردەکان قەرەبووکراونەتەوە. جووتیارانی کورد دەڵێن، هاوردەکان گوێ بە دەستوور و یاسا نادەن، دوای بڕیارەکەی ماددەی 140 بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکان، زیاتر لە جاران گێچەڵیان پێدەکەن.
محەممەد ئەمین، جووتیارێکی گوندی تڕکەشکانە و دەڵێت، "ئەوە کتابی هادی عامریش هاتووە، بەڵام لە کەرکووک دەیشارنەوە و جێبەجێ ناکرێت."
جومعە محەممەد، جووتیارێکی دیکەی گوندەکەیە و باس لەوە دەکات، "ئەگەر [کار بە کتابەکە بکەن] باشە، بەڵام ئەگەر لە کشتوکاڵ و دادگە نەیخەوێنن باش دەبێت، چونکە ئەوە لە بەرژەوەندیی کورد و ستەملێکراوانە."
لەسەر ئەو کێشەیە جووتیارانی کورد سکاڵایان تۆمارکردووە و دۆسیەیەک لە دادگەی لەیلان کراوەتەوە، بەڵام هێشتا بڕیاری لەسەر نەدراوە. بەڕێوەبەری ناحیەی لەیلان کە بە نەتەوە تورکمانە، دەڵێت، مافی جووتیارانی کوردە، ئەوانەی کێشە بۆخاوەنی راستەقینەی زەوییەکان دروست دەکەن، هیچ مافێکیان بەسەر زەوییەکانەوە نییە.
محەممەد وەیس، بەڕێوەبەری ناحیەی لەیلان دەڵێت، "ئێستا ئەوان [هاوردەکان] لە دادگە لەسەر ئێمە بڕیار وەردەگرن، بەوپێیەی ئەو گرێبەستە هەڵنەوەشاوەتەوە، بەڵکو سڕکراوە، لای ئێمەش سڕنەکراوە و هەڵوەشاوەتەوە، بەڵام ئەوان هەندێک کتابیان هێناوە و دەڵێن: زەوییەکان هی ئێمەیە. ئەوە ئەستەمە و بەهیچ شێوەیەک بۆیان ناکرێت."
زۆربەی ئەو هاوردانەی لەسەر زەویی کورد و تورکمان لەسەردەمی دەسەڵاتی پێشووی بەعس گرێبەستیان بۆکرابوو، لەسەر خواستی خۆیان قەرەبوویان وەرگرتووە و لەسەر زەوییەکان بەڵێننامەیان پڕکردووەتەوە، کەچی چەند ساڵێکە بەرۆکی خاوەن تاپۆکان بەرنادەن و چوونەتەوە بۆدەستگرتن بەسەر سەرزەوییەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ