نێچیرڤان بارزانی و شاندێکی باڵای UN: گۆڕانى كه‌شوهه‌وا ‏قه‌يرانێكى جددييه‌ و كاريگه‌ريی زۆرى له‌سه‌ر عێراق هه‌يه‌

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی هەرێمی کوردستان و شاندێکی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان ئەمڕۆ کۆبوونەوە و لەبارەی گۆڕانى كه‌شوهه‌وا "هاوڕا بوون، كه‌ ‏قه‌يرانێكى جددييه‌ و كاريگه‌رييه‌كى زۆرى له‌سه‌ر عێراق هه‌يه".
 
پاشنيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ (چوارشه‌ممه‌، 21-6-2023) نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى ‏هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ شاندێكى باڵاى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان بە‏سه‌رۆكايه‌تيى عه‌بدوڵڵا ئه‌لده‌رده‌رى، ياريده‌رده‌رى سكرتێرى گشتيى نه‌ته‌وه‌ ‏يه‌كگرتووه‌كان و به‌ڕێوه‌به‌رى هه‌رێميى ‏UNDP‏ بۆ وڵاتانى عه‌ره‌بى، كرد.‏
 
له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا شانده‌كه‌ پوخته‌يه‌كيان لەبارەی ئامانجى سه‌ردانيان بۆ عێراق و ‏هه‌رێمى كوردستان خسته‌ڕوو، کە‌ بۆ يارمه‌تيدانى عێراق و هه‌رێمى كوردستانه‌ له‌ ‏هه‌مەجۆركردنى سه‌رچاوه‌كانى داهات و به‌ته‌نيا پشتنه‌به‌ستن به‌ نه‌وت. له‌مباره‌يه‌وه‌ ‏نێچيرڤان بارزانى دووپاتى كردەوه‌ "داهاتووى عێراق و هه‌رێمى كوردستان ‏به‌ هه‌مەجۆركردنى ئابوورى و سه‌رچاوه‌كانى داهاته‌وه، به‌نده"‌.‏
 
بەپێی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا هه‌ردوولا لەبارەی گۆڕانى كه‌شوهه‌وا بيروڕايان گۆڕييه‌وه‌ و هاوڕا بوون، "‏قه‌يرانێكى جددييه‌ و كاريگه‌رييه‌كى زۆرى له‌سه‌ر عێراق هه‌يه‌، بۆيه‌ ده‌بێت عێراق به‌ ‏پشتگيريى نێوده‌وڵه‌تى به‌ جددى رووبه‌ڕووى ئه‌و قه‌يرانه‌ ببێته‌وه"‌. شانده‌كه دووپاتى ‏كرده‌وه‌؛ هه‌م بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى كاريگه‌رييه‌كانى گۆڕانى كه‌شوهه‌وا و هه‌م بۆ ‏هه‌مه‌جۆركردنى سه‌رچاوه‌كانى داهات، يارمه‌تيى عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌ده‌ن.‏

 

 
شانده‌كه‌ هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌ كۆبوونه‌وه‌يان له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ى وه‌به‌رهێنان له‌ ‏هه‌رێمى كوردستان كرد، كه‌ تێيدا ئاماده‌يى و پشتگيريى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كانيان ‏ده‌ربڕيوه‌ بۆ يارمه‌تيدانى هه‌رێمى كوردستان له‌ پلانسازى و دانانى نه‌خشه‌ڕێگه‌ بۆ ‏چۆنيه‌تيێتى راكێشانى وه‌به‌رهێنانى بيانى بۆ هه‌رێمى كوردستان و ره‌خساندنى ‏ده‌رفه‌تى كار بۆ گه‌نجان.‏
 
لاى خۆيه‌وه‌ نێچيرڤان بارزانى، وێڕاى پێشوازى له‌ بيروبۆچوون و پلانى ‏ئه‌لده‌رده‌رى و ‏UNPD، هيواى سه‌ركه‌وتنى له‌ ئه‌ركه‌كه‌يدا بۆ خواست و ‏هه‌وڵه‌كانى بۆ يارمه‌تيدانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان، به‌رز نرخاند.‏