بڕیارە پارتی و یەکێتی کۆببنەوە
رووداو دیجیتاڵ
مەکتەبی سیاسیی یەکێتی داوایکردووە لەبارەی دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان و ناکۆکییەکانی نێوانیان لەگەڵ پارتی کۆببنەوە. ئەندامێکی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی پارتی دەڵێت، "وەڵامی یەکێتی دەدەینەوە و کۆدەبینەوە."
هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو کە رۆژی پێنجشەممە لە کاژێر 12:00 بڵاودەکرێتەوە باسی لە دۆخی عێراق و هەرێمی کوردستان کرد.
ئەو بەرپرسە باڵایەی پارتی رایگەیاند، یەکێتی داوایکردووە لەسەر ئاستی مەکتەبی سیاسی کۆببنەوە، ئەوانیش وەڵامیان دەدەنەوە و رەنگە هەفتەی داهاتوو کۆببنەوە.
هۆشیار زێباری گوتیشی، لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەردەوام گفتوگۆیان هەبووە و پەیوەندییان نەبڕاوە، ئەوان ئامادەن بۆ کۆبوونەوە و دەیانەوێت هەر گرفتێک هەبێت لە کۆبوونەوەدا بخرێتە بەرباس بۆ ئەوەی چارەسەر بکرێت.