سەرۆکی زانکۆی زانستی پزیشکیی ورمێ: تووشبوون بە کۆرۆنا چوار هێندە زیادیکردووە

 
رووداو - هەولێر

زەماوەند بۆ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەم رۆژانەدا هاوشێوەی بۆمبێکە، بەڵام لە مەهاباد کە لە گەمارۆی ڤایرۆسەکەدایە، وادیارە لەپێشترە.
 
دامەزراوە پیشەییەکان و ناوەندی کۆنترۆڵی کۆرۆنا لە مەهاباد رێککەوتن کە دیسان دووکان و بازاڕەکان دابخرێنەوە.
 
جەواد ئاقازادە، سەرۆکی زانکۆی زانستی پزیشکیی ورمێ دەڵێ "لە ناوچە باشوورییەکانی ئەم پارێزگایە کە هاوسنووری پارێزگاکانی سنە و تەورێزن، ژمارەی تووشبوون و مردن بە کۆرۆنایان زۆرە". بە گوتەی ئاقازدە، لە دوو مانگی یەکەمی بەهاردا بە شێوەی مامناوەندی، رۆژانە 47 کەس کۆرۆنایان دەگرت، ئێستا زیادیکردووە بۆ 226 کەس.
 
پارێزگاکانی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستانیش لە دۆخی مەترسیداری کۆرۆنادان، لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک لە سنووردارییەکان هەڵگیرانەوە. لە پارێزگای کرماشان هۆڵەکانی شایی، بە مەرجێک کە نیوەی کورسییەکانیان بەتاڵ بێت، چالاکییەکانیان دەستپێدەکەنەوە.
 
لە پارێزگای لوڕستانیش ناوەندی کۆنترۆڵی کۆرۆنا بڕیاریداوە تۆڕە گەشتیارییەکان کارەکانیان دەستپێبکەنەوە، بەڵام بە مەرجی پاراستنی رێوشوێنە تەندروستییەکان.
 
ئەمە لەکاتێکدایە کە بە گوتەی بەرپرسانی تەندروستی، زەماوەندەکان، سەرەخۆشییەکان و هاتووچۆی خەڵک هۆکاری سەرەکیی تەشەنەسەندنی زیاتری کۆرۆنان.
 
حوسێن عیرفانی، سەرۆکی بەڕێوەبەرایەتیی چاودێری لە نەخۆشییە گوازراوەکان دەڵێ "ئێران هێشتا نەگەیشتووەتە قۆناخی کۆنترۆڵی کۆرۆنا"؛ کەچی حەسەن رووحانی، سەرۆککۆماری ئێران، مانگێک لەمەوبەر گوتی "کۆرۆنا کۆنترۆڵ کراوە و لە زۆر ناوچەی ئێران بەرەو سڕینەوە هەنگاو دەنێین".
 
بەڵام ئێستا مەسعود مەردانی، ئەندامی کۆمیتەی نیشتمانیی کۆرۆنا دەڵێ، ژمارەی ئەو تووشبووانەی سەردانی نەخۆشخانەکان دەکەن هێندە زۆر بووە کە ناچاربووین دیسان بەشەکانی تایبەت بە کۆرۆنا بکەینەوە، ئەو دەڵێ "لە هەر دوو کەس کە دەبرێنە ئای سی یو، کەسێکیان دەمرێت".