یونسکۆ لۆگۆی شاری سلێمانی وەک شاری داهێنەر پەسنددەکات

 
 
رووداو - سلێمانی

رێکخراوی یونسکۆی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لۆگۆی شاری سلێمانیی وەک شاری داهێنەر پەسندکرد و خستییە سەر لۆگۆی فەرمیی ئەو شارە.
 
ئەو لۆگۆیە بە پێشنیازی پارێزگاری سلێمانی و نووسینگەی سلێمانیی رێکخراوی یونسکۆ لەلایەن هونەرمەد دیاری عوسمانەوە کێشراوە.
 
د. هەڤاڵ ئەبووبەکر، پارێزگاری سلێمانی لەو بارەیەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "یونسکۆ پەسندی کردووە و لۆگۆی خۆی خستووەتە سەر لۆگۆی فەرمیی شاری سلێمانی".
 
ئەو لۆگۆیە لەلایەن یونسکۆوە وەک لۆگۆی فەرمیی شاری سلێمانی بۆ شارە داهێنەرەکانی جیهان مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.
 
ئەوە لە کاتێکدایە رۆژی 30ـی ئۆکتۆبەری 2019 رێکخراوی یونسکۆ 66 شاری دیکەی جیهانی خستە لیستی داهێنەرەکانی جیهانەوە و شاری سلێمانی یەکێکیان بوو.
 
ئێستا 246 شاری داهێنەر لە یونسکۆ ئەندامن و لۆگۆیان بە فەرمی ناسێنراوە.