کەشناسی: سبەی لە ناوەندی پارێزگەکان نمەباران دەبارێت

رووداو دیجیتاڵ
 
کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەمڕۆ ئاسمان هەور و نیمچەهەور دەبێت. لە شەودا ئەگەری نمەباران لە هەندێ ناوچە شاخاوییە بەرزەکان و سنوورییەکان هەیە.
 
لەبارەی کەشوهەوای سبەینێوە، کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئاسمان نیمچەهەور دەبێت، لە کاتەکانی نیوەڕۆ ئەگەری باران بارینی کەم و هەورەتریشقە هەیە لە ناوچە شاخاوییەکان؛ لە سەنتەری پارێزگەکان ئەگەری بارینی نمە باران دەبێت، لە کاتەکانی ئێوارەدا کەشەکە جێگیر دەبێت.
 
ئەمڕۆ سێشەممە، 21ی 5ی 2024، شاڵاو هیدایەت، شارەزای کەشناسی بە رووداوی گوت، "ئەمڕۆ ناوچەکەمان نیمچەهەور و هەوری تەواو دەبێت؛ هەندێک ناوچە ئەگەری تاوەباران و هەورەبروسکە هەیە".
 
بە گوتەی ئەو کەشناسە، سبەی ئەگەری نمەباران لە ناوەندی پارێزگەکان هەیە و پلەی گەرما لە 2 تاوەکو 3 پلە نزم دەبێتەوە.
 
بەڕێوەبەرایەتیى گشتى کەشناسی و بوومەلەرزەزانى روونیکردووەتەوە، "لەگەڵ نمەباراندا، تۆز و خۆڵێکی سووک لە کەشی ناوچەکەمان بەرزدەبێتەوە."
 
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، بەرزترین پلەی گەرمای سبەی چوارشەممە بەم شێوەیە دەبێت:
 
هەولێر: 33 
سلێمانی: 27 
دهۆک: 32 
کەرکوک: 36
هەڵەبجە: 30 
زاخۆ: 32 
سۆران: 27
حاجی ئۆمەران: 18
گەرمیان: 36