ئایدن مەعرووف: پێشنیازەکەی دەستەى دادوەریی هەڵبژاردنی عێراق رەتدەکەینەوە

رووداو دیجیتاڵ

وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لەبارەی دیاریکردنی پێنج کورسیی کۆتا لە چوارچوەی 100 کورسیی پەرلەمانی کوردستان دەڵێ، "ئەو پێشنیازە قبوڵناکەین و پێمانوایە لە شکۆی پێکهاتەکان کەمدەکاتەوە." 
 
رۆژی سێشەممە (21ـی ئایاری 2024) ئایدن مەعرووف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان بە مستەفا گۆران، پەیامنێری رووداوی لە هەولێر راگەیاند "پێشتریش دووپاتمان کردبووەوە، بوونی کورسیی کۆتا بۆ پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان زۆر گرنگە، بەڵام لە ماوەی رابردوودا بابەتی کۆتا لە هەرێمی کوردستان بە سیاسی کرا، هەموو لایەکیش دەزانن کە کورسیی کۆتاکان لە پەرلەمانی کوردستان بە یاسا رێکخراوە."
 
ئایدن مەعرووف دەڵێت، سەرجەم لایەنەکانی تورکمان، کلدان، سریان و ئاشووری داوایان کردووە 11 کورسیی کۆتاکان وەکو خۆی بگەڕێنەوە بۆ ئەوەی بتوانن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا بەشداری بکەن.
 
دەستەى دادوەریی هەڵبژاردن، بە بڕیارێک کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانی عێراقی ناچار کردووە پێنج کورسیی پەرلەمانى کوردستان بۆ کۆتاى پێکهاتەکان دابنێت، کورسییەکان بەسەر بازنەکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک دابەش دەکرێن.
 
بڕیارەکەى دەستەى دادوەریی هەڵبژاردن لە 20ـی ئایاری 2024 دەرکراوە، لەسەر بنەماى سکاڵایەک لە دژى دابەشکردنى کورسییەکانى پەرلەمانى کوردستان "بەبێ رێکارى پاراستن"ـی مافى نوێنەرایەتیکردنى پێکهاتەکان.
 
ئەو دەستەیە، کە سەر بە ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراقە، کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراقی پابەند کردووە؛ پێنج کورسی بۆ کۆتای پێکھاتەکان تەرخان بکرێت بە شێوەیەک، دوو کورسی بۆ هەولێر، دوو کورسی بۆ سلێمانى و کورسیەکى پێکھاتەکان بۆ دهۆک بێت.
 
وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان دەڵێت "ئەو پێنج کورسییەی ئێستا پێشنیازکراون لەسەر بنەمای پارێزگاکانە، رەتیدەکەینەوە و قبوڵکراو نییە، لەبەر ئەوەی بە کەمکردنەوەی شکۆی پێکهاتەکانی دەزانین. داوامان کردووە بە 11 کورسی بەشداریی لە هەڵبژاردن بکەین." 
 
رۆژی 22ـی شوباتی 2024 دادگەى باڵاى فیدراڵى 11 کورسی کۆتای پێکهاتەکانى لە پەرلەمانى کوردستان هەڵوەشاندەوە کە پێنج کورسی بۆ کریستیان، پێنج کورسیی بۆ کۆتای تورکمان و یەک کورسیێکیش بۆ کۆتای ئەرمەن بوو.