دەستەى دادوەریی هەڵبژاردن پێنج کورسی بۆ پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان تەرخان کرد

21-05-2024
هەستیار قادر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دەستەى دادوەریی هەڵبژاردن، بە بڕیارێک کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانی عێراقی ناچار کردووە پێنج کورسیی پەرلەمانى کوردستان بۆ کۆتاى پێکهاتەکان دابنێت، کورسییەکان بەسەر بازنەکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک دابەش دەکرێن.
 
بڕیارەکەى دەستەى دادوەریی هەڵبژاردن لە 20ـی ئایاری 2024 دەرکراوە، لەسەر بنەماى سکاڵایەک لە دژى دابەشکردنى کورسییەکانى پەرلەمانى کوردستان "بەبێ رێکارى پاراستن"ـی مافى نوێنەرایەتیکردنى پێکهاتەکان.
 
دەستەى دادوەریى هەڵبژاردن، کە سەر بە ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراقە، کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق پابەند کردووە؛ پێنج کورسی بۆ کۆتای پێکھاتەکان تەرخان بکرێت بە شێوەیەک، دوو کورسی بۆ هەولێر، دوو کورسی بۆ سلێمانى و کورسیەکى پێکھاتەکان بۆ دهۆک بێت.
 
جومانە غەلاى، گوتەبێژى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند "بەگوێرەى ئەو بڕیارە، لە سلێمانى کورسییەک بۆ تورکمان و کورسییەک بۆ کریستیان، لە هەولێر کورسییەک بۆ تورکمان و کورسییەک بۆ کریستیان، لە دهۆکیش کورسییەک بۆ پێکهاتەى ئەرمەن دادەنرێت."
 
سکاڵاکە لەلایەن یوسف مەتى، سەرۆکى پارتى یەکێتى بەیت نەهرێنى نیشتیمانیی کریستیان پێشکێش بەو دەستەیە کرابوو. 

 

 
جومانە غەلاى، گوتى "بڕیارەکەى دەستەى دادوەریى هەڵبژاردن جێگەى پابەندبوونە بۆ کۆمیسیۆن. ئەنجوومى کۆمیسیاران بڕیار لەسەر رێوشوێنەکانى دیاریکردنى ئەو کورسیانە دەدات بۆ پێکهاتەکان."
 
رۆژی 22ـی شوباتی 2024 دادگەی باڵای فیدراڵی 11 کورسی کۆتای پێکهاتەکانی لە پەرلەمانی کوردستان هەڵوەشاندەوە، کە پێنج کورسی بۆ کریستیان و پێنج کورسیی بۆ کۆتای تورکمان و یەک کورسیش بۆ کۆتای ئەرمەن بوو.
 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە