شایستەی دارایی وانەبێژان دابەشدەکرێت

21-05-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
رۆژی چوارشەممەی ئەم هەفتەیە شایستەی دارایی مامۆستایانی وانەبێژ لە پەروەردەکانی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە دابەشدەکرێت و هەفتەی داهاتووش لە پەروەردەکانی پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک.
 
کارۆخ عەبدوڵڵا گوڵاوی، نوێنەری گشتیی مامۆستایانی وانەبێژ لە هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا بەتۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "رۆژی چوارشەممە، 22ـی ئایاری 2024، شایستەکانی دارایی مانگی شوباتی مامۆستایانی وانەبێژ لە پەروەردەکانی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی راپەڕین و گەرمیان دابەشدەکرێت".
 
روونیشیکردەوە، "لە رۆژی یەکشەممەی هەفتەی داهاتووەوە شایستەکانی دارایی پەروەردەکانی سنووری پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک دابەشدەکرێت."
 
لەبارەی دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژیشەوە گوتی، "خشتەکانی بودجەی عێراق چووەتە پەرلەمانی عێراق بۆ ئەوەی خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ بکرێت، ئێمە بە نووسراو و یاداشتی فەرمی داوامان لە سەرجەم پەرلەمانتاران کردووە پشتیوان بن بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی بودجەی عێراق مافی وانەبێژانی هەرێمیش بچەسپێندرێت".
 
سەرەتای مانگی رابردوو تاوەکو 8ی ئەم مانگە، وانەبێژان دوو مووچەیان وەرگرت، یەکێکیان بۆ مانگی 12ی پار و ئەوی دیکەش مووچەی مانگی یەکی ئەم ساڵ بوو.
 
بەگوێرەی رێنوێنیی ژمارە 14ی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، ئەو مامۆستا وانەبێژانەی هەڵگری بڕوانامەی دیبلۆمن، مووچەیان 350 هەزار دینارە و هەڵگرانی بڕوانامەی بەکالۆریۆسیش 400 هەزار دینار وەردەگرن.
 
بەپێی ئاماری وەزارەتی دارایی و ئابووری، ژمارەی وانەبێژان لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 35 هەزار و 543 وانەبێژە، بڕی بودجەی پێویست بۆ شایستە داراییەکانیان نزیکەی 13 ملیار و 700 ملیۆن دینارە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە