پارچە بەردێکی 7 هەزار و 500 ساڵە لە حەوشەی ماڵێک لە سۆران دەدۆزرێتەوە

21-05-2024
ئەندام جەبار
وێنەی ئەو پارچە بەردەی دۆزراوەتەوە
وێنەی ئەو پارچە بەردەی دۆزراوەتەوە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

ژمارەیەک شوێنەوارناسی زانکۆی ئۆتۆنۆموس لە بارسێلۆنا بە هاوئاهەنگی لەگەڵ تیمێکی شوێنەواریی زانکۆی سەڵاحەدین لە سنووری ئیدارەی سۆران بەردێکی بچووک دەدۆزنەوە کە دەرگە بەڕووی قۆناخێکی گەورە و گرنگی مێژوویی دەکاتەوە. 
 
ئەو شوێنەوارناسانە لە رێگەی ئەو پارچە بەردەوە کە تەمەنی زیاتر لە حەوت هەزار و 500 ساڵە، دەیانەوێت پەیوەندیی نێوان نیشتەجێیانی ئەو سەردەمە لەو ناوچەیە لەگەڵ ناوچەکانی دیکەیان بۆ پشتڕاست بکاتەوە.
 
ئانا باخگۆمێس، سەرپەرشتیاری تیمی شوێنەوارناسە ئیسپانییەکانە، دەڵێت: "ئێمه توانیمان ئەو پارچە بچووکە بدۆزینەوە، ئەو ئامرازەی بەدەستمانەوەیە لە ئەنجامی بوورکان دروست بووە، نازانین لە تورکیا یان لە ئێرانەوە هاتووە، چونکە لە بنچینەدا لێرە نییە، بەڵام گرنگ ئەوەیە بتوانین لە رێگەی تەکنەلۆژیاوە ئاشکرای بکەین ئەم ئامرازە چییە."
 
دەرخستنی سەرەتای قۆناخی نوێ لە بنیاتنانی خانوو بە لاکێشەیی ئەنجامێکی دیکەیە تیمە شوێنەوارییەکان پێی گەیشتوون. 
 
عەبدولوەهاب سلێمان، بەڕێوەبەری شوێنەواری سۆران بە رووداوی گوت: "لەو 1150 شوێنە شوێنەوارییەی لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران تۆمارکراون، یەکەمیان کە دەکرێت بە یەکەمین گوندی وەرزی هەژمار بکرێت لەسەر ئاستی جیهان (زەویا چەمێیە) کە ئەوە چاخی بەردینی نێوەڕاستە، واتە 15 هەزار ساڵ پێش ئێستا کە پێمان دەڵێت، خانوو دروستکردن بە چ شێوازێک بووە، بەڵام کە دێیتە سەر  سەردەمی حەلەف، چاخی بەردینی نوێ، دەبینین جۆرە خانوویەکی زۆر پێشکەوتوومان هەیە، لە بازنەیی دەرچووە و مرۆڤ توانیویەتی گۆشە دروست بکات، دروستکردنی گۆشە و دەرکەوتنی گۆشە لە بیناسازی دەستی مرۆڤ واڵا دەکات لە جوانتر و باشتر دروستکردنی خانوو." 
 
تیمەکە دوایین ساڵی کارکردنیانە و گرێبەستە شەش ساڵییەکەیان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆتاییدێت، بەڵام وەڵامی دەیان پرسیاریان لەبارەی مێژوو و شارستانیەت بە جیهان گەیاند. 
 
د. ئارام جەلال، شوێنەوارناسە و دەڵێت، "لەسەر پاشماوەی ئەو خۆراکانە و ئەو ئێسکانەی کە دۆزراونەتەوە، لەگەڵ ئەو پارچە گلێنانە هەروەها ئەو بناخەی خانووانە دەرکەوتووە کە ئەو چینەی ئێستا ئێمە کاری تێدا دەکەین، چاخی بەردینی نوێی سەردەمی (حەلەفە)، لە هەمان کاتدا بۆمان روون بووەتەوە نیشتەجێیانی ئەو شوێنە شوێنەوارییە ژیانیان لەسەر ماڵیکردنی ئاژەڵ و کشتوکاڵکردن بووە."
 
لە سنووری سۆران 1150 شوێنی شوێنەواری تۆمارکراون و ساڵانە شوێنەواری دیکەی نوێ دەدۆزرێنەوە، کنە و هەڵکۆڵین بۆ ژمارەیەک لەو شوێنەوارنە کراوە و هەر یەکێکیان قۆناخێکی مێژوو و شارستانیەتی تێدا پشتڕاست کراوەتەوە. 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەو شوێنەی منداڵەکەی تێدا خنکا

منداڵێکی 7 ساڵان لە پڕۆژەی ئاوی خەبات خنکا

بەرگریی شارستانیی هەولێر دەڵێت، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ منداڵێکی 7 ساڵان لەنێو پڕۆژەی ئاوی خەبات خنکا و تەرمەکەی دەرهێندرا.