رووداو دیجیتاڵ
لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ جووتیارێکی کورد، یەکێک لە عەرەبە هاوردەکانی سەرگەڕان لە سنووری کەرکووک دان دەنێت بەوەی کورد خاوەنی راستەقینەی زەوییەکانی سنوورەکەیە.
ئەم دیدارە کورتە لەوکاتەدا روویدا کە جووتیارانی کورد و تورکمان و هاوردەکان هاتبوون لەگەڵ لیژنەیەکی وەزاریدا کۆببنەوە.
وێڕای ئەو راستییەش، هاوردەکان دەڵێن، ئەوان گرێبەستیان هەیە و بڕیاری دادگەیان وەرگرتووە، بۆیە داوا دەکەن یان قەرەبویان پێبدرێ یان زەوی.
حاتم مەزعەل، هاوردەی سنووری سەرگەڕان بە رووداوی گوت، "ئەوکات رێککەوتنمان کرد لەگەڵ برایانی کورد تا بچینە دادگە، چووینە دادگە بڕیاری دادوەریمان وەرگرت بەوەی گرێبەستەکانمان کارایە، ئێمە مادەی 140 نامانگرێتەوە و عەرەبی کەرکووکین، تۆماری ساڵی 1975ین لەسەر سەرژمێری".
لیژنە وەزارییەکە لەسەر فەرمانی سەرۆککوەزیران پێکهاتووە، کە نوێنەری وەزارەتەکانی داد و دارایی و بەرگری و نەوت و کشتوکاڵی تێدان
لەگەڵ جوتیاران کۆبوونەوە و کۆمەڵێ راستی کێشەکەیان دەستکەوت.
زیاد خەلیفە تەمیمی، بریکاری وەزیری دادی عێراق و سەرۆکی لیژنە وەزارییەکە بە رووداوی گوت، "کارەکانی لیژنەکە لێکۆڵینەوەی مەیدانییە و بڕیاریش لەلای بەڕێز سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانە".
جوتیارانی کورد و تورکمان بەڵگەی زۆریان هێنابوو، جیا لەوەی راستی خاوەندارێتی زەوییەکانیان سەلماند، هاوکات گوتیان ئەو نوسراوانەی هاوردەکان ساختەن یان بە گوشاری ئیدارەی کەرکووک لەسەر فەرمانگەکان بۆیان کراوە.
ساتیح ناسیح، جووتیاری سنوری تۆپزاوا بۆ رووداوی باسکرد، "سەرجەم ئەو بڕیارانەی لەسەر ناوچەکانمان دراوە بۆ گۆڕانکاری دیموگرافی لە سەردەمی رژێمی پێشووی بەعس دەبێ هەڵبوەشێتەوە، ناکرێ 20 ساڵە رژێمی بەعس رووخاوە و هێشتا بڕیارەکانی کاران".
محەمەد وەیس، بەڕێوەبەری ناحیەی لەیلان لە کەرکووک ئاماژەی بەوە کرد، "پێش ساڵی 1975 زەوی هی کێ بوو، با ئەو لەسەری بێت، چونکە دوای 1975 ئەنفال و راگواستن دەستی پێکرد و زوڵم کرا و خەڵک هاوردە کرا".
جیا لەدیداری جووتیاران و لیژنەکە، ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگەش لەگەڵیان کۆبوونەوە.
حەسەن مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگەی کەرکووک بە رووداوی راگەیاند، "بە کۆمەڵێ بەڵگەنامەی فەرمییەوە هاتووین کە پێیان بڵێین خاوەنی راستەقینەی سنورەکە کوردە".
کورد و تورکمان لەسەر زەوییەکانیان تاپۆی رەشی موڵکدارییان هەیە، هەرچی هاوردەکانن پشتئەستورن بەوەی گرێبەستە هەڵوەشاوەکانی سەردەمی سەدامیان بۆ نوێ بکرێتەوە کە بەشێکیان بۆیان کراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ