قوباد تاڵەبانی: لێکتێگەیشتنی باش لەنێوان حکومەتی کوردستان و عێراق هەیە
رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لەگەڵ ئەوەی کێشەی کەڵەکەبووی زۆر هەن، بەڵام لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراقدا لێکتێگەیشتنی باش هەیە.
ئەمڕۆ سێشەممە، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ فرانک ریڤۆڵتۆ، نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەرێمی کوردستان کۆبووەوە؛ بەپێی نووسینگەکەی، "پێکەوە دوایین پێشهاتە سیاسییەکانی عێراق و کوردستان و پرسی هەڵبژاردن و چەند بابەتێکی دیکەی جێی بایەخی هەردوولایان تاوتوێ کرد".
لە راگەیێندراوەکەی نووسینگەی قوباد تاڵەبانیدا هاتووە، "جێگری سەرۆکوەزیران رۆڵی یۆنامی و بە تایبەت جێنین پلاسخارت، نوێنەری پێشووی تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانی لە چارەسەرکردنی کێشە سیاسییەکانی عێراق و کوردستان بەرز نرخاند".
هەروەها باسی کێشەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەغداشی کردووە و رایگەیاندووە، "لەم قۆناخەدا لێکتێگەیشتنی باش بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان هەیە، راستە کێشەی کەڵەکەبووی زۆر هەیە لەنێوان هەردوولادا، بەڵام دەکرێت بە نیشاندانی نیازپاکی و کاری هاوبەش هەنگاو بە هەنگاو کێشەکان چارەسەر بکەین".
قوباد تاڵەبانی کە لە هەولێر لەگەڵ بەرپرسەکەی یۆنامی کۆبووەتەوە، گوتوویەتی، "بەبێ چارەسەرکردنی کێشەکان و بەبێ ستراتیژ و کاری هاوبەش ناتوانرێت بیر لە گەشەپێدانی عێراق و کوردستان و دابینکردنی ژیانی شایستە بۆ هاوڵاتیان بکەینەوە".
باسی هەڵبژاردنیش یەکێکی دیکە بووە لەو تەوەرانەی هەردوولا باسیان کردووە، بەبێ ئەوەی ئاماژە بۆ ناوەڕۆکی قسەکان لەو بارەیەوە بکرێت، وەکو لە راگێیندراوەکەدا هاتووە.