فازڵ میرانی: ئامادەکاریمان کردبوو پێشوازیی جەماوەری لە سەرۆککۆماری ئێران بکەین

رووداو دیجیتاڵ
 
فازڵ میرانی لە رێوڕەسمی پرسەی سەرۆککۆماری ئێران لە کۆنسوڵخانەی ئەو وڵاتە لە هەولێر رایگەیاند، "ئامادەکاریمان کردبوو پێشوازیی جەماوەری لێبکەین، بەڵام گەڕایەوە بەر دەرگای خودا".
 
رۆژی سێشەممە 21ـی ئایاری 2024، فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لەکاتی بەشداریکردنی لە پرسەی سەرۆککۆمار و وەزیری دەرەوەی ئێران لە کۆنسووڵخانەی ئێران لە هەولێر بە میدیاکانی راگەیاند، "لەدەستدانی سەرۆککۆماری ئێران و وەزیری دەرەوە و هاوڕێیانی زیانێکی گەورە بوو بۆ ئێران و ناوچەکەش، لەبەرئەوەی ئێران رۆڵێکی گرنگی هەیە لە ناوچەکە، بەتایبەتی لە عێراق و کوردستان، کە دراوسێیەکی مێژوویی و جوگرافین".
 
بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی پێیوایە، "ئێران بەهۆی ئەوەی مەرجەعی هەیە و وڵاتێکی دامەزراوەییە، پێشتریش ئەزموونی وایان هەبووە کە زۆر لە سەرۆککۆمارەکانیان و سەرۆکوەزیران و لیژنەی ناوەندی حیزبی کۆماری ئیسلامی لە بەرەکانی شەڕدا گیانیان لەدەستداوە، زوو بەخۆهاتوونەوە".
 
فازڵ میرانی سەرەخۆشی لە بنەماڵەی قوربانیانی رووداوەکە و خەڵکی ئێران کرد و گوتی، "داواکارین پێکەوە کارکردن و یەکدی خۆشویستن لەنێوان خەڵکی عێراق و ئێران بەگشتی و خەڵکی کوردستان و ئێران بەتایبەتی، بەردەوامبێت".
 
لەسەر بانگهێشتی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بڕیار بوو ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران لە سەردانەکەی 29ـی ئایاری بۆ عێراق، سەردانی هەرێمی کوردستان بکات.
 
کاژێر 01:00ـی نیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە، ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران لەگەڵ حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران و چەند بەرپرسێکی دیکە لەگەڵ ئیلهام عەلیێڤ، سەرۆککۆماری ئازەربایجان، بەنداوی (قیز قەلعەسی)ـیان لە پارێزگای تەورێز کردەوە، دوای تەواوبوونی رێوڕەسمەکە بۆ بەسەرکردنەوەی پڕۆژەیەکی پاڵاوگەی نەوت بە سێ هێلیکۆپتەر بەرەو تەورێز بەڕێکەوتن، بەڵام لە رێگە هێلیکۆپتەرەکەیان کەوتەخوارەوە و تێکشکا، سەرنشینانی هێلیکۆپتەرەکە کە ژمارەیان 9 کەس بوو سەرجەمیان گیانیان لەدەستدا.
 
شەوی رابردوو، کۆنسووڵی گشتیی ئێران لە هەولێر رایگەیاند، "لە بەیانی رۆژی سێشەممەوە بۆ ماوەی سێ رۆژ لە بارەگای کۆنسووڵخانەی هەولێرمان، پرسە و ماتەمینی بەبۆنەی لەدەستدانی سەرۆککۆمار و وەزیری دەرەوە و هاوڕێیانیان بەڕێوەدەبەین".