خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان؛ 18 دەستلەکارکێشانەوە و 4 بایکۆتی پەرلەمانتاران

21-05-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستاندا 18 پەرلەمانتار دەستیان لەکارکێشاوەتەوە و دەستلەکارکێشانەوەیان پێشکێشکردووە؛ چوار پەرلەمانتاری نەوەی نوێش زیاتر لە شەش مانگە بایکۆتی دانیشتنەکانی پەرلەمانیان کردووە. بڕیارە سبەی دووشەممەش پەرلەمانی کوردستان دەستلەکارکێشانەوەی حەوت پەرلەمانتاری کۆمەڵ پەسندبکات. 
 
بڕیارە کاژێر 10:00ـی بەیانیی رۆژی دووشەممە، 22-05-2023، پەرلەمانی کۆردستان کۆببێتەوە و دەستلەکارکێشانەوەی حەوت پەرلەمانتاری کۆمەڵی دادگەری پەسندبکات کە لەسەر داوای ئەنجوومەنی باڵای حیزبەکەیان و لەچوارچێوەی کشانەوەی کۆمەڵ لە حکومەتی خۆجێیی، پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاکاندا رۆژی 8ـی ئەم مانگە دەستلەکارکێشانەوەیان پێشکێشی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کرد.
 
بەپێی بەدواداچوونی رووداو، لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستاندا 19 پەرلەمانتار بە هۆکاری سیاسی، تێبینی لەسەر کاری پەرلەمان و حکومەت دەستلەکارکێشانەوەیان پێشکێشکردووە، ئەوە جگە لەوەی رۆژی یەکشەممە، 06-11-2022، کاوە عەبدولقادر، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "پەرلەمان و حکومەت و کابینەی نۆ لەئەمڕۆوە هەردووکیان ماوەیان بەسەرچووە، بۆیە وەک فراکسیۆنی نەوەی نوێ بەشێک نابین لەو کارە نایاساییەی پارتی و یەکێتی و بەهیچ شێوەیەک ناچینەوە ناو هۆڵی پەرلەمانێکی بەسەرچوو."
 
تاوەکو ئێستا 22 پەرلەمانتار دەستیان لەکارکێشاوەتەوە، دەستلەکارکێشانەوەیان پێشکێشکردووە و کۆبوونەوەکانی پەرلەمانیان بایکۆت کردوون کە بەمشێوەیە بەسەر لایەنەکان دابەشبوون:
 
- کۆمەڵی دادگەریی کوردستان 7 پەرلەمانتار. 
- یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان 5 پەرلەمانتار
- گۆڕان 2 پەرلەمانتار 
- گۆڕان (پێشکێشکردنی دەستلەکارکێشانەوە) 3 پەرلەمانتار
- نەوەی نوێ (پێشکێشکردنی دەستلەکارکێشانەوە) 1 پەرلەمانتار
- نەوەی نوێ (بایکۆت) 4 پەرلەمانتار 
 
ئەوەی کە پەیوەندی بە نەوەی نوێوە هەیە، سەرچاوەیەک لەو جووڵانەوەیە بە رووداوی گوت، لە 6ـی تشرینی دووەمی ساڵی 2022ـەوە هیچ مووچەیەک نەچووەتە سەر هەژماری بانکییان.
 
چیا حەمید شەریف، جێگری سەرۆکی لیژنەی کاروباری پەرلەمان و سکاڵاکان لە پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تاوەکو ئێستا تەنیا چەند پەرلەمانتارێکی کەم لەو پەرلەمانتارانەی دەستلەکارکێشانەوەیان بە فەرمی قبووڵکراوە، دەستیان لە ئیمتیازات هەڵگرتووە؛ بەشێکی زۆری ئەوانی دیکە مووچە و ئیمتیازاتەکان وەردەگرن؛ بۆیە ئەو دەستلەکارکێشانەوانە بەشی هەرە زۆریان بۆ موزایەدەی سیاسیی دەکرێن." 
 
بڕیارە سبەی دووشەممە پەرلەمانی کوردستان دەستلەکارکێشانەوەی حەوت پەرلەمانتارەکەی کۆمەڵی دادگەری پەسندبکات کە ئەمانەن:
 
1- عەبدولستار مەجید قادر 
2- عوسمان عەلی سمایل 
3 - بەدریە ئیسماعیل مەحموود
4 - موسلیم عبدوڵلا رەسول
5 - هەورامان حەمەشەریف حەمەڕەشید
6 - رووپاك ئەحمەد رەحما
7 - عومەر عەبدوڵلا فەتاح
 
رۆژی 16-11-2023، پەرلەمانی کوردستان لە دانیشتنی ئاسایی ژمارە 13ـیدا دەستلەکارکێشانەوەی شایان کاکەساڵح محەممەد، ئەندامی پەرلەمانی کوردستانی لە فراکسیۆنی گۆڕان پەسندکرد.
 
رۆژی چوارشەممە، 1-03-2023، پەرلەمانی کوردستان یەکەم کۆبوونەوەی خولی بەهارەی کرد و تێیدا دەستلەکارکێشانەوەی حەوت پەرلەمانتاری پەسندکرد کە پێکهاتبوون لە شێرکۆ جەودەت، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو، ئەبوبەکر عەبدوڵڵا، ئیسماعیل عەلی، سەرچنار ئەحمەد و هەلز ئەحمەد، پەرلەمانتارانی یەکگرتوو؛ هەروەها پەرلەمانتاران عەلی حەمەساڵح و کازم فارووق.
 
رۆژی 16ـی ئایاری 2023، دابان محەممەد، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لەگەڵ هەریەکە لە پەرلەمانتاران شیرین ئەمین و ئاشنا عەبدوڵڵا، کە پێشتر هەرسێکیان پەرلەمانتاری فراکسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان بوون، هەروەها دیاری ئەنوەر کە پێشتر لە فراکسیۆنی نەوەی نوێ بوو و دواتر سەربەخۆبوونی خۆی راگەیاند، دەستلەکارکێشانەوەیان پێشکێشی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان کردووە.
 
09-10-2022 بە دەنگی 80 پەرلەمانتاری پەرلەمانی کوردستان، تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمان تاوەکو کۆتایی وەرزی دانانی خولی پاییزە، کە دەبێتە کۆتایی ساڵی 2023، درێژکرایەوە، ئەوەش نیگەرانیی بەشێک لە فراکسیۆنەکانی لێکەوتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە