شاندی مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی لە کۆبوونەوەدان

21-05-2023
هیدایەت جان
شاندی پارتی و یەکێتی پێش دەستپێکردنی کۆبوونەوەکە
شاندی پارتی و یەکێتی پێش دەستپێکردنی کۆبوونەوەکە
نیشانەکردن یەکێتی پارتی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

شاندێکی باڵای یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان گەیشتنە پیرمام و لە لایەن فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسی، سیداد بارزانی، ئازاد بەرواری و مەحموود محەممەد، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی پێشوازییان لێکرا.
 
تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی هەردوولا، پرسی هەڵبژاردن دەبێت و لە راگەیەندراوی هاوبەشی هەردوولادا لەدوای کۆبوونەوەی رۆژی سێشەممە، 16-05-2023 ئاماژە بەوە درابوو، پەلە دەکەن بۆ فەراهەمکردنی زەمینەی لەبار بۆ ئەوەی هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا بەڕێوەبچێت.
 
شاندی پارتی بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ مەکتەبی سیاسی یەکێتی پێکهاتووە لە: مەحموود محەممەد، رێبوار یەڵدا، عەلی حوسێن، پشتیوان سادق، هێمن هەورامی و جەعفەر ئیمینکی؛ شاندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش لە شاڵاو عەلی عەسکەری، خەسرەو گوڵ محەممەد، عیماد ئەحمەد، رزگار حاجی حەمە، میران محەممەد و ئه‌مین بابەشێخ.
 
رۆژی 26-03-2023 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە فەرمانێکی هەرێمی رۆژی 18-11-2023ـی وەکو رۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان دیاریکرد؛ سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان داوای لە پەرلەمان و سەرجەم فراکسیۆنەکان کرد، هەنگاوی کردەییان بۆ متمانەبەخشین و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن هەبێت.
 
رۆژی 11-05-2023 سەرۆک بارزانی لە رێوڕەسمی کردنەوەی یادگەی نیشتمانیی بارزانیدا گوتارێکی پێشکێشکرد و رایگەیاند، ''ئێرە بە دەرفەت دەزانم بانگەوازێکی دڵسۆزانە ئاراستەی هەموو لایەنەکانی هەرێمی کوردستان بکەم کە لاپەڕەیەکی نوێ بکەنەوە؛ داواکارم هەرچی زووترە کۆبوونەوەیەکی بەرفراوان پێش 18ـی ئەم مانگە بکرێت بۆ ئەوەی دڵسۆزانە، بەرپرسیارانە و کوردستانییانە باسی هەموو گیروگرفتەکان بکرێت و چارەسەریان بکەن".
 
سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوەشکرد، پێش ئەو کۆبوونەوە بەرفراوانە، پێویستە مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی کۆببنەوە؛ بۆیە ''داوا لە مەکتەبی سیاسیی هەردوولا دەکەم، دابنیشن و ئەم تەمومژە نەهێڵن؛ هەروەها زەمینەسازی بۆ کۆبوونەوە بەرفراوانەکە بکەن".
 
پارتی و یەکێتی پێشوازییان لە دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک مەسعود بارزانی کرد و رۆژی سێشەممە 16-05-2023 شاندی مەکتەبی سیاسی هەردوولا لە سلێمانی کۆبوونەوە و دوای کۆبوونەوەکەش لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا رایانگەیاند "هاوڕان لە پەلەکردن لە هەنگاوە یاسایی و سیاسییەکان بۆ فەراهەمەکردنی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەوادەی خۆیدا".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی پەرلەمانی کوردستان. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

پارتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان 190 بەربژێری دەبێت و زۆرترینیان لە سلێمانییە

پارتی دیموکراتی کوردستان لە دوایین رۆژی دیاریکراو بۆ پێشکێشکردنی لیستی ناوی بەربژێران، لیستەکەی رادەستی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دەکات. 190 بەربژێری دەبێت و زۆرترین بەربژێری لە پارێزگای سلێمانییە.