وەزیری ئیتڵاعاتی ئێران دەڵێت حکومەتی عێراق گەرەنتی داوە چالاکیی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان رابگرێت
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ئیتڵاعاتی ئێران لەبارەی چالاکیی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێت، "بە هاوکاریی حکومەتی عێراق و ئەو گەرەنتییانەی دراون، هیوادارین ئاسایشی ناوچە سنوورییەکان دابین بکرێت."
ئیسماعیل خەتیب، وەزیری ئیتڵاعاتی ئێران ئەمڕۆ یەکشەممە، 21-5-2023، گوتی، "ئەگەر هەر جۆرە نائەمنییەک لە ناوچە سنوورییەکاندا رووبدات، هێزە چەکدار و دامودەزگا ئەمنییەکانی ئێران، وەڵامێکی تووند دەدەنەوە."
ئەم گوتەیە لە کاتێکدایە، رۆژی شەممە، 20-5-2023، محەممەد پاکپور، فەرماندەی هێزی وشکانیی سوپای پاسداران گوتی، "رێککەوتننامەیەک لەگەڵ حکومەتی عێراق کراوە و ئەوان بەڵێنیان داوە گرووپە تیرۆریستییەکان (حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان) چەک بکەن و لەو وڵاتە دەریان بکەن."
محەممەد پاکپور گوتیشی، "چاوەڕوانین حکومەتی عێراق بەڵێنەکانی جێبەجێ بکات و دەرفەتمان پێی داوە، ئەگەر بێتوو هیچ شتێک روونەدات، سوپای پاسداران تۆپبارانەکانی دەستپێدەکاتەوە."
لە پاییزی ساڵی رابردوودا و هاوکات لەگەڵ فراوانبوونی ناڕەزایەتییەکان لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، سوپای پاسداران بە درۆن، مووشەک و تۆپ هێرشی کردە سەر بنکە و بارەگای حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە قووڵایی خاکی هەرێمی کوردستان.
کۆماری ئیسلامیی ئێران دەڵێت، حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەستیان لە ناڕەزایەتییەکانی ساڵی پاردا هەبووە و خەڵکیان دنە داوە.
حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوام گوتوویانە، دۆخی هەرێمی کوردستان لەبەرچاو دەگرن و نایانەوێت ئاسایشی تێکبچێت.