رووداو دیجیتاڵ
لە چەند رۆژی رابردوودا بووکێک لە کۆیە لە رۆژی ئاهەنگەکەیدا رایکرد و رۆژی یەکشەممە لە سۆران دەستگیرکردنی راگەیێندرا.
یادگار زاواکەی کۆیە بوو و بەیانی ئەو رۆژەی ئاهەنگی گواستنەوەی بوو بووکەکەی هەڵاتبوو. ئەو چەند رۆژە وێڵ و سەرگەردان بەدوای بووکەکەیدا دەگەڕا، بەڵام نەیدۆزیبووەوە.
بووکە هەڵاتووەکە ناوی (ح. ک. م)ـە و دانیشتووی قەزای کۆیەیە. بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ژنان و خێزان لە سۆران دەڵێت، دەستگیرانەکەی سکاڵای لە نووسینگەی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزانی کۆیە تۆمارکردبوو، دواتر ئەوان بۆیان دەرکەوتووە کە ئەو ئافرەتە هەڵاتووە بۆ سۆران.
ماڵی بووک کە هەر دراوسێی ماڵی زاوابوو لە کۆیە ماڵەکەیان گواستبووەوە بۆ جێیەک کە ماڵی زاوا نەیاندەزانی لە کوێیە.
ئاهەنگی مارەکردن، شیرینی خواردنەوە، ئارایشتگە و وێنەی یادگاری بۆ ئەو هاوسەرگیرییە کرابوو.
خەیاڵ، دایکی زاوایە و رۆژی 15-05-2023 بە رووداوی گوت: پێنج مسقاڵ زێڕم بۆ کردبوو، 3 ملیۆن دیناریشم پێی دابوو، جگە لە شتی دیکەش، ئەوجا گوتی، ماڵی جیام بۆ بکەن، ئەویشمان بۆ کرد. ماڵی زاوا لەو کاتەدا باسیان لەوە کرد، بووکەکە زێڕ و پارە و کەلوپەلەکانیشی بردووە.
بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ژنان و خێزان لە سۆران گوتی، رۆژی یەکشەممە ئەو ئافرەتە داواکراوەیان دەستگیرکردووە. بەپێی مادەی 446 لە یاسای سزادانی عێراقی رادەستی بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ژنان و خێزانی هەولێر - نووسینگەی كۆیەی دەکەنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ