نوێنەرى رێکخراوێک لەبەردەم ئەنجوومەنى ئاسایش: لە هەرێمى کوردستان ژنە چالاکڤانەکان رووبەڕووى تووندوتیژی دەبنەوە

21-05-2023
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
خانم لەتیف، نوێنەرى رێکخراوى ئاسوودە
خانم لەتیف، نوێنەرى رێکخراوى ئاسوودە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

نوێنەرى رێکخراوێک لەبەردەم ئەنجوومەنى ئاسایشى نێودەوڵەتى رایگەیاند، لە هەرێمى کوردستان چالاکڤانانی ژن رووبەڕووى هەڵمەتی تووندوتیژی جێندەری دەبنەوە.
 
خانم لەتیف، نوێنەرى رێکخراوى ئاسوودە رایگەیاند، لە چەند مانگى رابردوودا ژنە چالاکڤانەکان لە هەرێمى کوردستان رووبەڕووى هەڵمەتێک بوونەتەوە، بەهۆى بەکارهێنانى وشەى جێندەر. 
 
ئەو گوتانەى خانم لەتیف لە دانیشتنێکى تایبەتى ئەنجوومەنى ئاسایشى نێودەوڵەتی بوو کە 18ى ئایار لەبارەى دۆخى عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو.   
 
خانم لەتیف ئاماژەى بەوەدا کە دۆخى ناهەموارى ژنان لە عێراق و نەبوونى یەکسانى کۆمەڵایەتى و ئابوورى، وایکردووە کە وەک پێویست رۆڵی و بەشدارییان نەبێت لە پرۆسەکانى بڕیاردان و کارکردنیان سنووردارە. 
 
نوێنەرى رێکخراوى ئاسوودە رایگەیاند، سێ پرس هەن کە پێویستە لە عێراق لەبەرچاو بگیرێن، لەوانە یاسای پاراستنى ژنان لە تووندوتیژى، بەشدارى سیاسیی ژنان و دەنگدان بە نوێکردنەوەى نێردەى نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق.
 
گوتیشى: "لە نێوان ساڵانى 2020 و 2021دا 24 هەزار تووندوتیژى جێندەرى لە عێراق هەبووە و 75%ى ئەو کەسانەى کە رووبەڕووى ئەو جۆرە تووندوتیژییە دەبنەوە ژنن، زیاد بوونى ئەو رێژەیە بەهۆى رزگاربوونى تاوانبارانى ئەو رووداوانەوەیە." 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە