هاتووچۆی سلێمانی لەبارەی کارکردنی کامێراکانی تۆمارکردنی تیژڕۆیی 'خاڵ بۆ خاڵ': بە کات نییە

 
رووداو - سلێمانی

کارپێکردنی 24 کامێرای تۆمارکردنی تیژڕۆیی لەنێوان تاسڵوجە بۆ دووکان لە قۆناخی یەکەم بە شێوەی ئەزموونی بۆ ماوەیە یەک هەفتە دەستیپێکرد، لە کاژێر 08:00ی بەیانیی 29ی ئایاریشەوە بە فەرمی کاریان پێدەکرێت و سزای سەرپێچییەکان ئەژمار دەکرێن.
 
عەلی باپیر شۆفێرە و لەو رێگەیەوە هاتووچۆ دەکات، ئەو پێیوایە، دانانی کامێراکان دروست نییە.
 
لەبارەی دانان و خستنەکاری کامێراکان، عەلی باپیر، پێشمەرگە دەڵێت، "کەس پێی رازی نییە، من رۆژی وا هەیە 10 جار لەم رێگەیەوە هاتووچۆ دەکەم، حسابی بکەیت، دەبێت لە ماوەی یەک مانگدا ئۆتۆمبێلەکەم بدەم بە حکومەت و قوڕ بکە بە سەرما، ئیدی من جاری وا هەیە داڵخەم دەڕوات بە خێرایی 140 دەڕۆم."
 
رووداو چووە ژووری کۆنترۆڵ و تۆمارکردنی ئەو سەرپێچییانەی کە شۆفێران بەهۆی تیژڕۆییەوە ئەنجامی دەدەن، سزاکان تەنیا بە خێرا رۆشتن لە سەروو خێرایی دیاریکراو ئەژمار دەکرێن و کات بۆ گەیشتن بە جێگەیەک دیاری نەکراوە.
 
بەهمەن عەبدوڵڵا، گوتەبێژی هاتووچۆی سلێمانی دەڵێت، "گەر بێتو شۆفێرەکە لەبەردەم کامێراکان خاوی بکاتەوە و دواتر خێرا بڕوات، ئەوە هیچ کێشەیەکی نابێت و سزا نادرێت، بەڵام خۆی ئەمە بۆ ئەوە کراوە کە فریا نەکەوێت ئەو هەمووە خاوی بکاتەوە و خێرا بڕوات، وەرگرتنی پارەی سزاکەیش ئەو کاتە دەبێت کە دێن ساڵانە تازەی دەکەنەوە یان مۆڵەت یان بەناوکردن دەکەن، ئەوکاتە پارەی سزاکەیان لێوەردەگیرێت. بە کاتیش نییە کە بەو کاتە زووتر بگەیت سزا دەدرێت، وا نییە."
 
گەر بێتو هەر شۆفێرێک لە سەروو خێرایی دیاریکراو لە هەموو کامێراکان تێپەڕێت، ئەوا تەنیا زۆرترین خێرایی بۆ ئەژمارە و لەسەری سزا دەدرێت. دانانی کامێرای تیژڕۆیی لە سلێمانی بە کۆمپانیایەک دراوە و دەبێت لە ماوەی 500 رۆژی کارکردن 225 کامێرا دابنێن.