فراکسیۆنی یەکێتی: پارتی لە هەنگاوێکی نایاساییدا بڕگەیەکی بۆ دانیشتنی پەرلەمان زیادکرد

21-05-2023
نازەنین گۆران
لۆگۆی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
لۆگۆی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت: "پارتی بە بەکارھێنانی نوێنەری بەناو پێکھاتەکان، لە ھەنگاوێکی تاکلایەنەی نایاسایی، بڕگەیەکیان بۆ بەرنامەی کاری دانیشتنی سبەی پەرلەمانی کوردستان زیادکردووە و نوێنەری بەناو پێکھاتەکانی لە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان بەکارھێناوە بۆ واژۆکردن لەسەر بابەتێکی ناپەیڕەوی، ئەمەش ھەنگاوێکە بە ئاراستەی قووڵکردنەوەی ململانێی سیاسی." 
 
رۆژی یەکشەممە 21-05-2023، زانا مەلا خالید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، داوایان کردووە لە دانیشتنی سبەی پەرلەمانی کوردستاندا کاراکردنەوەی ئەنجوومەنی باڵای کۆمیسیۆن و بابەتی خوێندنەوەی یەکەم بۆ هەموو ئەو پێشنیازانەی کە لە رابردوودا بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن پێشکێشی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان کراون زیادبکرێن.
 
دوای ئەو کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییە، پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، بەپێی حوکمی بڕگەی چوارەم لە مادەی 48ـی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، بڕیاردرا بە زیادکردنی بڕگەیەک بۆ بەرنامەی کاری دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان کە ئەویش کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانە. 
 
زیادکردنی بڕگەیەک بۆ دانیشتنی سبەی پەرلەمانی کوردستان نیگەرانی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستانی لێکەوتەوە و لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت: "جارێکی دیکە پارتی دیموکراتی کوردستان بە بەکارھێنانی نوێنەری بەناو پێکھاتەکان، لە ھەنگاوێکی تاکلایەنەی نایاسایی، بڕگەیەکی بۆ بەرنامەی کاری دانیشتنی رۆژی 22ـی ئایاری 2023 زیاد دەکەن کە ئەویش  کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردن و راپرسییە."
 
فراکسیۆنی یەکێتی ئەو هەنگاوە بە ناپەیڕەوی وەسف دەکات و دەڵێت: "ئەم ھەنگاوە پێچەوانەی مادەی 48ـی بڕگەی چوارە لە پەیڕەوی نێوخۆی پەرلەمانی کوردستان، لەبەرئەوەی 24 کاژێری تەواو بەر لە دانیشتنی پەرلەمان رانەگەیێندراوە."
 
وەک فراکسیۆنی یەکێتی دەڵێت، ئەو هەنگاوە "پێچەوانەی رێککەوتنی سیاسی نێوان ھێزە سیاسییەکان و فراکسیۆنەکانی پەرلەمانە کە پرسی ھەمواری یاسای ھەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن دوو پرسی نیشتمانین و دەبێت دوای رێککەوتن و سازانی ھێزە سیاسییەکان ھاوتەریب بەیەکەوە بخرێنە بەرنامەی کار و کاریان لەسەر بکرێت." 
 
فراکسیۆنی یەکێتی زیادکردنی بڕگەیەک بۆ دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان "بەبێ راوێژکردن بە ئاراستەی قووڵکردنەوەی ململانێی سیاسییەکان" وەسف دەکات و دەڵێت: "جارێکی دیکە پارتی نوێنەری بەناو پێکھاتەکانی لە دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بەکارھێناوە بۆ واژۆکردن لەسەر بابەتێکی ناپەیڕەوی، دواجار ئەنجامدانی ئەم کارە بەشێوەی تاکڕەوی، وێرای ئەوەی سەرپێچی تەواوی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستانە، لە ھەمانکاتدا دەبێتە ھۆی تێکدانی بنەمای سازانی نیشتیمانی، بۆیە ئێمە لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەتەواوی ئەم ھەنگاوە نایاسایی و ناپەیڕەوییە رەتدەکەینەوە، ئۆباڵی لێکەوتەکانی دەخەینە ئەستۆی ئەنجامدەرانی."
 
لەبارەی ئامادەبوونی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دانیشتنی سبەی پەرلەمانی کوردستان، زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی بە رووداوی گوت: "بەدڵنیاییەوە سبەی ئامادەی دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان دەبین و لەوێ هەڵوێستی خۆمان رادەگەیێنین."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی پەرلەمانی کوردستان. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

پارتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان 190 بەربژێری دەبێت و زۆرترینیان لە سلێمانییە

پارتی دیموکراتی کوردستان لە دوایین رۆژی دیاریکراو بۆ پێشکێشکردنی لیستی ناوی بەربژێران، لیستەکەی رادەستی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دەکات. 190 بەربژێری دەبێت و زۆرترین بەربژێری لە پارێزگای سلێمانییە.