ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی: وەڵامی لایەنەکان بۆ کۆبوونەوەی فراوانی حیزبە سیاسییەکان ئەرێنییە


رووداو دیجیتاڵ 

ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دەڵێت، ئەوان گفتوگۆکانیان بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی فراوانی لایەنەکان دەستپێکردووە و هەموو ئەو لایەنانەی شاندی پارتی سەردانی کردوون بە ئەرێنی وەڵامی دەستپێشخەرییەکەیان داوەتەوە. 
 
رۆژی یەکشەممە 21-5-2023، شاندێکی باڵای یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لەگەڵ مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پیرمام کۆبوونەوە؛ بەپێی راگەیێندراوی کۆبوونەوەکە، گفتوگۆکان ئەرێنی بوون و بڕیاردراوە ئەو پرسانەی پێویستیان بە گفتوگۆی زیاترە لە کۆبوونەوەکانی داهاتوودا بڕیاری پێویستیان لەبارەوە بدرێت.
 
بەرەڤان حەمدی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بوولتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، گوتی: پێشتر پارتی و یەکێتی لەسەر سێ پرس ناکۆک بوون، بەڵام لە دوای کۆبوونەوەی سەرۆکوەزیران و جێگری سەرۆکوەزیران دوو لەو پرسانە کە پرسی داهات و ئەمنی بوون هەنگاوی باشیان ناوە و بەرەو چارەسەر رۆشتوون، ئەوەی ماوەتەوە پرسی هەڵبژاردنە؛ ئەوەش لەسەر بابەتی سیستمی هەڵبژاردن، کۆمیسیۆن و کاتی هەڵبژاردنە. 
 
"پارتی نەرمی زۆری نواندووە لەوبارەیەوە، بۆ نموونە، پارتی رازی بووە هەڵبژاردن بە چوار بازنەیی و بە تۆماری دەنگدەرانی بەغدا بەڕێوەبچێت. ئەوەی ماوەتەوە پرسی کورسی کۆتاکانە، پارتی دەڵێت، با کۆتاکان خۆیان بڕیار بدەن یان ئەو هەوڵەی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لەگەڵ نوێنەری پێکهاتەکان دانیشتوون ئەوان بڕیار بدەن"، بەرەڤان حەمدی وایگوت. 
 
رۆژی 26-03-2023 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە فەرمانێکی هەرێمی رۆژی 18-11-2023ـی وەکو رۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان دیاریکرد؛ سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان داوای لە پەرلەمان و سەرجەم فراکسیۆنەکان کرد، هەنگاوی کردەییان بۆ متمانەبەخشین و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن هەبێت.
 
بەرەڤان حەمدی باسی لەوەش کرد: پارتی هەموو نەرمییەکی نواندووە بۆ ئەوەی هەڵبژاردن لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا بەڕێوەبچێت، پارتی لەگەڵ ئەوەدایە لە هەر شوێنێک پێکهاتەکان هەن نوێنەری خۆیان هەبێت، بە مەرجێک دەنگی راستی پێکهاتەکان بێت. 
 
لەبارەی "بەکارهێنانی پێکهاتەکان" لەلایەن پارتییەوە، بەرەڤان حەمدی گوتی: پێکهاتەکان خۆیان لە ناو پارتیدا دەبیننەوە و چونکە هەمیشە پارتی مامەڵەی تایبەتی لەگەڵدا کردوون و کەشی لەباری بۆ رەخساندوون. 
 
ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی گوتیشی: هەموو لایەنە سیاسییەکان لەگەڵ ئەوەدان پێکهاتەکان خۆیان بڕیار لە شێوازی هەڵبژاردنی نوێنەرەکانیان بدەن. 
 
لەبارەی پێدانی دوو کورسی بە پێکهاتەکان لە سنووری سلێمانی دەڵێت، پارتی گرفتی لەوەدا نییە. دەشڵێت: پێکهاتەکان هیچ کاتێک ناچار نەکراون بەوەی لەگەڵ بۆچوونی پارتیدابن و ئەگەر بۆچوونێکی نزیک لە پارتییان هەبووبێت بۆچوونی خۆیان بووە و هەڵبژاردنیش گۆڕانکاری گەورەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان دروستناکات. 
 
لەبارەی کۆبوونەوەی فراوانی لایەنەکان بۆ چارەسەکردنی گرفتەکان، بەرەڤان حەمدی دەڵێت: پارتی سەردانی لایەنەکانی دەستپێکردووە و هەموو ئەو لایەنانەی شاندی پارتی سەردانی کردوون دەستپێشخەرییەکەیان بە دەستپێشخەرییەکی مێژوویی ناوبردووە. 
 
رۆژی 11-05-2023، سەرۆک بارزانی لە رێوڕەسمی کردنەوەی یادگەی نیشتمانیی بارزانیدا گوتارێکی پێشکێشکرد و رایگەیاند، ''ئێرە بە دەرفەت دەزانم بانگەوازێکی دڵسۆزانە ئاراستەی هەموو لایەنەکانی هەرێمی کوردستان بکەم کە لاپەڕەیەکی نوێ بکەنەوە؛ داواکارم هەرچی زووترە کۆبوونەوەیەکی بەرفراوان پێش 18ـی ئەم مانگە بکرێت بۆ ئەوەی دڵسۆزانە، بەرپرسیارانە و کوردستانییانە باسی هەموو گیروگرفتەکان بکرێت و چارەسەریان بکەن."