56 سیڤی بۆ پڕکردنەوەی نۆ کورسییەکەی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بۆ پەرلەمان نێردراون

رووداو دیجیتاڵ
 
ئەندامێکی لیژنەی کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سیڤی 56 کەسیان بۆ دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان لە کۆی 90 سیڤی کە پێشکێشکرابوون بەرزکردووەتەوە. دەشڵێت، "دیارنییە ئەو 56 سیڤییە لەلایەن پەرلەمانتارانەوە دەنگدانیان بۆ دەدرێت یان لەنێو ئەو ژمارەیە 9 کەس بەرێککەوتن دەستنیشاندەکرێن و دەنگیان پێدەدرێت."
 
رۆژی یەکشەممە، 21-05-2023، سارا دڵشاد، نوێنه‌ری فراكسیۆنه‌ توركمانییه‌كان کە ئەندامی لیژنەی کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنە لە پەرلەمانی کوردستان، لەبارەی دەنگدان بەو کەسانەی سیڤیی خۆیان بۆ ئەندامێتی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران پێشکێشکی پەرلەمان کردووە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دوای دوای ئەوەی لە رابردوودا وادەیەک بۆ پێشکێشکردنی سیڤی بۆ ئەندامێتی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی پێشکێشکرابوو، 90 کەس سیڤی خۆیان پێشکێشکردبوو، لەنێویاندا حەوت ئەندامی ئێستای کۆمیسیۆن هەبوو، دوای کارکردن لەسەر سیڤییەکان 34یان بەهۆی ئەوەی مەرجەکانیان تێدانەبوو رەتکرانەوە، بەتایبەت مەرجەکانی تەمەن و بڕوانامە، بۆیە لەکۆتاییدا 56 سیڤی مانەوە کە ئێمە هەموومان رەوانەی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کردووە."
 
ئەو پەرلەمانتارە پۆلێنکردنی ئەو کەسانەشی سیڤییەکانیان پێشکێشکردبوو بۆ چوار بەش ئاشکراکرد کە "رەتکراوەکان، ئەوانەی مەرجەکانیان تێدایە و ئەزموونیان نییە، ئەوانەی مەرجەکانیان تێدایە و ئەزموونی کاری کۆمیسیۆن و هەڵبژاردنیان هەیە و ئەوانەشی ئەندامی کۆمیسیۆنن."
 
بڕیارە سبەی دووشەممە، 22-5-2023، پەرلەمانی کوردستان کۆبێتەوە و تاوتوێی چەند تەوەرێک بکات، یەکێکیان کاراکردنەوەی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بۆ ماوەی پێنج ساڵ و دەنگدان لەسەر بەربژێران بۆ ئەندامێتی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانە کە لە رۆژی 23-12-2019ـەوە ماوەی یاسایی ئەندامانی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران تەواوبووە.
 
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان، بەپێی یاسای ژمارە (4)ـی ساڵی 2014 پێکهاتووە، ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی نۆ ئەندامی هەیە، کە ئێستا دوو ئەندامی لەسەر پشکی پارتی نەماون، ئەوانیش جووتیار عادل، گوتەبێژی ئێستای حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەباح کورەچی لەسەر پشکی تورکمانەکان کە کۆچی دواییکردووە.