رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ هەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە شاری هەولێر بۆ رێککەوتن لەسەر خاڵی ناکۆکی نێوانیان سەبارەت بە هەڵبژاردن کۆدەبنەوە. بەگوێرەی کاتی دیاریکراوی هەڵبژاردن و داواکانی کۆمیسیۆن، کۆبوونەوەی ئەمڕۆ کاریگەری لەسەر کاتی ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەبێت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی شاری هەولێر لە نێوان پارتی و یەکێتیدا باسکردن دەبێ لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان، کە بەگوێرەی کاتی دیاریکراو بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن و داواکانی کۆمیسیۆن دەبێ لە ماوەیەکی زۆر کەمدا ئەو دوو لایەنە رێکبکەون.
کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی پارتی و یەکێتی لەکاتێکدایە، 19ـی ئەم مانگە لەسەر ئاستی بەرپرسانی هەڵبژاردن و فراکسیۆنەکانیان لە پەرلەمانی کوردستان، بە ئامادەبوونی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و جێگرەکەی هەردوو لایەن کۆبوونەوە؛ دوێنێش دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و پارتیش لەسەر ئاستی باڵا لەنێو خۆیاندا کۆبوونەوە و بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجامەکەی لەگەڵ یەکدا تاوتوێ بکەن.
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، لە کۆبوونەوەی 19ـی ئایاری بەرپرسانی پارتی و یەکێتیدا هیچ رێککەوتنێک لەبارەی ناکۆکییەکانیان بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن نەکراوە، ئەویش دوای ئەوەی یەکێتی داوای پێشوویان خستووەتەڕوو بۆ پێکهاتەکان و داوایان کردووە سێ بۆ چوار کورسییان لە پارێزگاکانی دیکە یەکلابکرێنەوە، پارتیش جەختی لە هەڵوێستی پێشووی کردووەتەوە و گوتوویەتی، دەبێ پێکهاتەکان خۆیان بڕیار لەسەر کورسییەکانیان بدەن.
پێکهاتەکان خاوەنی 11 کورسین لە 111 کورسییەکەی پەرلەمانی کوردستان. ئەوانەی کورسییان هەیە دەڵێن با هەڵبژاردن بە یەک بازنەیی بەڕێوەبچێ.
هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان
ساڵی رابردوو بە هۆکاری ناکۆکیی سیاسیی نێوان پارتی و یەکێتی نەتوانرا هەڵبژاردن بکرێت و پەرلەمان تەمەنی خۆی بۆ کۆتایی ئەمساڵ درێژکردەوە.
بڕیاری درێژکردنەوەکە ناڕەزایی بەشێکی فراکسیۆن و پەرلەمانتارەکانی لێکەوتەوە، بە جۆرێک فراکسیۆنەکانی کۆمەڵ و یەکگرتوو بەتەواوی دەستیان لەکارکێشایەوە؛ نیوەی فراکسیۆنی گۆڕانیش دەستیان لەکارکێشایەوە، هەرچی نەوەی نوێیە رایگەیاند، پەرلەمان "ماوەی بەسەرچووە" و ئەوان بەشداریی هیچ کۆبوونەوەیەک ناکەن.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە مەرسوومێک رۆژی 18ـی 11-2023 بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دەستنیشانکردووە؛ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش هانی لایەنەکانی هەرێمی کوردستان دەدەن رێکبکەون و لەو کاتەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دیاریکردووە هەڵبژاردن بەڕێوەببەن؛ کۆمیسیۆنیش زیاتر لە جارێک جەختیکردووەتەوە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دوای کاراکردنەوەی شەش مانگ کاتی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دەوێ.
کەمتر لە شەش مانگ ماوە بۆ کاتی دیاریکراوی هەڵبژاردن
پارتی و یەکێتی لەسەر زۆرینەی خاڵە ناکۆکەکانیان بۆ هەڵبژاردن رێککەوتنی سەرەتاییان کردووە، لەوانە شێوازی دەنگدان بە فرە بازنەیی، تۆماری دەنگدانی عێراق کە ساڵی 2021 بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کاری پێکراوە پێوەر بێ؛ کۆمیسیۆن بە هەمان پێکهاتەی ئێستایەوە کارابکرێتەوە، کە بەگوێرەی بەرکەوتەی هەڵبژاردنەکانی 2018ـی پەرلەمانی کوردستان پێکهێندراوە، تەنیا گۆڕانکارییەک لە کۆمیسیۆنەکەدا بکرێت ئەوەیە کە لایەنەکان دەتوانن ئەندامەکانیان گۆڕانکاری پێ بکەن.
چاوەکان لەسەر ئەنجامی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆن کە کەمتر لە شەش مانگی ماوە بۆ کاتی دیاریکراوی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن؛ بۆیە دەکرێ ئەنجامی کۆبوونەوەی ئەمڕۆ کاریگەریی هەبێ بە ئاراستەی رێککەوتن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا یان دواخستنی و بۆ ماوەیەکی دیکە.
دوو لایەنە سەرەکییەکەی هەرێمی کوردستان چاویان لەوەیە دوای رێککەوتنیان کۆمیسیۆن کارەکانی خیراتر بکات و بە پێنج مانگ و مانگێک کەمتر لەوەی پێشوو داوایان کردووە کارەکانی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن تەواو بکات، چونکە ئەگەر ئەمڕۆ پارتی و یەکێتی رێککەوتنیش بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بکەن، کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن دەنگدانی پەرلەمانی کوردستانی دەوێت و ئەویش بە گوێرەی رێکارەکان چەند رۆژێک کاتی پێویستە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ