لە بەردەڕەش دوو ئۆتۆمبێل لە منداڵێک دەدەن و دەیکوژن؛ سێ ساڵە کەس دەستگیرنەکراوە

رووداو دیجیتاڵ 
 
سێ ساڵ بەسەر گیانلەدەستدانی منداڵێک لە بەردەڕەش تێدەپەڕێت کە دوو ئۆتۆمبێل خۆیان پێداکێشابوو و تاوەکو ئێستا هیچ کەسێک لەسەر رووداوەکە دەستبەسەر نەکراوە و باوکی منداڵەکەش داوا دەکات تۆمەتبارەکان بدرێنە دادگە. 
 
لە سەرەتای ڤیدیۆکەدا دیمەنی لێدانی منداڵێک لەلایەن دوو ئۆتۆمبێلەوە دەردەکەوێت. رووداوەکە بۆ مانگی ئابی 2020 دەگەڕێتەوە و لە ئەنجامیدا محەممەد تەیاری پێنج ساڵان گیانی لەدەستداوە. تاوەکو ئێستا هیچ کەسێک خۆی رادەستی هێزە ئەمنییەکان نەکردووە و کەسیش لەسەر رووداوەکە دەستبەسەر نەکراوە. 
 
تەیار محەممەد، باوکی منداڵەکەیە و داوا دەکات خوێنی جگەرگۆشەکەی بەفیڕۆ نەڕوات و تۆمەتباران رووبەڕووی دادگە بکرێنەوە. ئەو دەڵێت، "سێ ساڵە ئۆتۆمبێل لێیداوە. کوشتوویەتی و هەڵاتووە. تاوەکو ئێستا هیچ کەسێک دەستبەسەر نەکراوە. گومانمان لەسەر ئاسایشە و لەسەر هیچ کەسێکی دیکە نییە. ئەو کەسەی لە کوڕەکەمی داوە کارمەندی ئاسایشە. تاوەکو ئێستا یەک کەسیش تەلەفۆنی بۆ من نەکردووە." 
 
رووداوەکە لە گەڕەکی بەردەڕەشی بچووک بووە، لە ناوەندی قەزاکە، لەسەر شەقامێک کە تەنیا چەند سەد مەترێک لە ماڵی محەممەد دوورە. 
 
محەممەد و براکەی چوونەتە دووکانێک و لەکاتی گەڕانەوەیاندا، لە نێوەندی شەقامەکە ئۆتۆمبێلێک بە خێراییەکی زۆرەوە لێیداوە. سەرەتا ئۆتۆمبێلێکی جۆری ئۆپترا لە محەممەدی داوە. دوای ئەوە پیکئاپێک خۆی پێیدا کێشاوە. ئەوکات، لەبەر کۆرۆنا، قەدەخەی هاتوچۆ هەبوو. بۆیە باوکی گومانی ئەوەی هەیە ئەو ئۆتۆمبێلانە هی هێزە ئەمنییەکان بن. 
 
باوکی محەممەد دەڵێت، "لە کۆی هەشت کامێرا، یەک کامێراش تۆماری نەکردووە. نازانم بۆچی. کابرا کاربەدەستە و پێیدەکرێت. پرسەکە ئەوەیە. پۆلیس و ئاسایشیش هیچیان نەکردووە." 
 
لەدوای رووداوەکە، پۆلیسی بەردەڕەش بە بڕیاری دادوەر پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ رووداوەکە کردووەتەوە. بەڵام بەهۆی نەبوونی بەڵگەمەی پێویست، کەیسەکە داخراوە. 
 
لەدوای بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، جارێکی دیکە پۆلیسی بەردەڕەش بەدواداچوونی کرد و عەمید سەعدی بەرزنجی، بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزای بەردەڕەش دەڵیت، "جارێکی دیکە چووینەوە سەر کەیسەکە و زۆر بەدوای بەڵگەدا گەڕاین. زۆر هەوڵماندا بەڵگەیەک بدۆزینەوە، بەڵام بە هیچ ئەنجامێک نەگەیشتین".