زانیارییەکانی شەهیدانی کیمیابارانی هەڵەبجە لە پڕۆژەیەکی دیجیتاڵیدا ئەرشیف دەکرێن

رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکی لیژنەی ئەرشیفی دیجیتاڵیی جینۆسایدی هەڵەبجە داوا لە کەسوکاری قوربانییانی کیمیابارانی هەڵەبجە دەکات لە رێگەی فۆرمێکەوە زانیارییان لەسەر شەهیدانی ئەو رووداوە بۆ بنێرن و دەڵێت، تاوەکو ئێستا زانیارییەکانی 369 شەهید خراونەتە نێو ئەو ماڵپەڕەوە کە بە هەوڵێک بۆ ئەرشیفکردن و بەنێودەوڵەتیکردنی کیمیابارانی هەڵەبجەی ناوی دەهێنێت.
 
رۆژی یەکشەممە، 21-5-2023، د. نەریمان هەڵەبجەیی، سەرۆکی لیژنەی ئەرشیفی دیجیتاڵی جینۆسایدی هەڵەبجە، لەبارەی داواکارییەکەیانەوە لە کەسوکاری شەهیدانی کیمیابارانی هەڵەبجە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پێشتر لە رێگەی چاوپێکەوتن لەگەڵ کەسوکاری شەهیدانی هەڵەبجەوە ناوی 369 شەهیدمان خستووەتە نێو ئەو ماڵپەڕەوە کە هەوڵێکە بۆ کۆکردنەوە و ئەرشیفکردن و بەدۆکیۆمێنتکردنی کەیسی کیمیابارانی هەڵەبجە و شەهیدانی؛ پڕۆژەکە هەوڵێکی زانکۆی هەڵەبجەیە لەو پێناوەدا و دەمانەوێت ئەو پڕۆسەیە خێراتر بکەین."
 
لەبارەی هەنگاوە نوێیەکەوە د. نەریمان گوتی، "لە رێگەی فۆرمێکی تایبەتەوە کە لەسەر ماڵپەڕەکەمان بڵاومانکردووەتەوە داوا لە بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدانی کیمیابارانی هەڵەبجە دەکەین فۆرمەکە پڕبکەنەوە و زانیاریی تەواو لەسەر شەهیدەکانیان بنووسن و بۆمانی بنێرن بۆ ئەوەی بتوانین ئەو پڕۆژەیە تەواو بکەین، چونکە ئەمە رێگەیەکی ئاسانترە؛ لەم لینکەدا فۆرمەکە دەستدەکەوێت." 
 
عادل مەلا ساڵح، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی وەزارەتی شەهیدان و کاروباری ئەنفالکراونی هەرێمی کوردستان، لەبارەی پڕۆژەکەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بڕیارە ئامادەکەرانی ئەو پڕۆژەیە وەزیری شەهیدان ببینن. دەمانەوێت لە نزیکەوە لەبارەی پڕۆژەکەوە زانیاری وەربگرین و بزانین چۆن دەتوانین هاوکارییان بین."
 
لە 16ـی ئاداری ساڵی 1988، حکومەتی عێراق کە ئەو کات لەلایەن سەدام حوسێنەوە سەرۆکایەتی دەکرا شاری هەڵەبجەی کیمیابارانکرد و 5 هەزار کەس شەهید بوون؛ ژمارەیەکی زیاتریش برینداربوون.
 
د. نەریمان هەڵەبجەیی دەڵێت، ئەگەر پڕۆژەکەیان بە تەواوەتی سەرکەوتووبێت، ئەوا بناخەیەکی زۆر باش دەبێت بۆ ئەرشیفکردن و بەدیجیتاڵکردنی شەهیدانی جینۆسایدەکانی دیکەی وەکو ئەنفال و ئەنفالی بارزانییەکان و ئەوانی دیکە.
 
ئەرشیفی دیجیتاڵی جینۆسایدی هەڵەبجە یەکێکە لە پڕۆژەکانی زانکۆی هەڵەبجە و لەلایەن لیژنەیەکی تایبەتمەندەوە سەرپەرشتی دەکرێت؛ تاوەکو ئێستا لەچوارچێوەی پڕۆژەکەدا کە لەساڵی 2022ەوە دەستبەکارە و بە هەردوو زمانی کوردی و ئینگلیزی ماڵپەڕەکەی بەردەستە، ژمارەیەک بەڵگەنامە و وێنە و کتێب و دەستنووس و چاوپێکەوتن و کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر شەهیدانی کیمیابارانی هەڵەبجە بەردەستن.