شانەى راگەیاندنى ئەمنیی عێراق: کەسانێک لە کامپى مەخموور مامەڵەی نایاسایی دەکەن

21-05-2023
هەستیار قادر
نیشانەکردن کەمپی مەخموور
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

شانەى راگەیاندنى ئەمنیی عێراق رەتی دەکاتەوە هێرشیان کردبێتە سەر پەنابەرانی نێو کامپى مەخموور و دەڵێت، ئەو رێوشوێنانەى گیراونەتەبەر بۆ پاراستنى دانیشتووانی نێو کامپەکە بووە و دەڵێت، "کەسانێک مامەڵەی نایاسایی دەکەن کە زیان بە سەقامگیری و ئاشتى وڵات و پەیوەندییەکانى عێراق لەگەڵ وڵاتانى ناوچەکە دەگەیێنێت".
 
21ـی ئایارى 2023، شانەى راگەیاندنى ئەمنیى عێراق روونکردنەوەیەکى لەبارەى رووداوەکانى 20ـی ئایارى کامپى مەخموور بڵاوکردەوە، تێیدا رەتیدەکاتەوە هێرشیان کردبێتە سەر پەنابەرانى نێو کامپەکە و ئەو زانیاریانەى لەو بارەیەوە بڵاوکراونەتەوە بە "درۆ" ناو دەبات و دەڵێت، "ئەو رێوشوێنانەى گیراونەتەبەر، بۆ پاراستنى پەنابەرەکان بووە لە مامەڵەی نایاسایی کەسانێک کە زیان بە سەقامگیری و ئاشتى وڵات و پەیوەندییەکانى عێراق لەگەڵ وڵاتانى ناوچەکە دەگەیێنێت".
 
21ى ئایارى 2023 شاندێکی وەزارەتی ناوخۆ و بەرگریی عێراق سەردانی کامپی مەخمووری کرد و چەند پێشنیازێکیان دایە بەرپرسانی کامپەکە و داوایان کرد وەڵامیان بدەنەوە. بەشێک لە دانیشتووانی کامپەکەش خۆپێشاندانیان دژی هەنگاوەکە کرد.
 
 شانەى راگەیاندنى ئەمنى عێراق دەڵێت، دەستوور و ستراتیژى حکومەتى ئێستاى عێراق بە ئاڕاستەى فەراهەمکردنى پاراستنی سەرجەم پەنابەرە مەدەنییەکانە لە خاکى عێراق و ئاماژە بەوەش دەکات کە حکومەتى عێراق رێگە نادات عێراق ببێتە شوێنێک بۆ ئەنجامدانى هێرش لێیەوە دژى وڵاتانى دراسێی.
 
شانەى راگەیاندنى ئەمنیی عێراق داوا لە رێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى و لایەنى نێودەوڵەتییە پەیوەندارەکان و کارگێڕى کامپى مەخموور دەکات هاوکاریى هێزە ئەمنیەکانی عێراق بکەن کە وەک خۆی دەڵێت، مەبەستیانە ئاسایشى کامپەکە بپارێزن و رێوشوێنى یاسایی تووند دژى هەر کەسێک دەگرنەبەر کە پێچەوانەی بەرژەوەندى گشتى عێراق دەوەستێتەوە و  پشێوى لە خاکى عێراق دەنێتەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە