ئاگادارییەک لە هاتووچۆی سلێمانییەوە: کامێراکانی خاڵ بۆ خاڵ دەکەونە کار

21-05-2023
ئازاد پیرچاوشی @AzadRamadhan
کامێرایەکی تیژڕۆیی خاڵ بۆ خاڵ لەسەر رێگەی دووکان - سلێمانی
کامێرایەکی تیژڕۆیی خاڵ بۆ خاڵ لەسەر رێگەی دووکان - سلێمانی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی سلێمانی رایدەگەیێنێت، پڕۆژەی کامێرای چاودێریی تیژڕۆیی خاڵ بۆ خاڵ دەکەوێتە کار و هەفتەی یەکەم وەکو تێست تیژڕۆیی تۆمار دەکەن، بەڵام شۆفێران سزا نادرێن. دەشڵێت، لە 29ـی ئایارەوە سەرپێچیکاران سزا دەدرێن.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 21-05-2023، بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی سلێمانی راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، لە ئەمڕۆوە 24 کامێرا لە رێگەی نێوان تاسڵوجە - دووکان تاوەکو 28ـی ئایاری 2023، دەکەونە کار و تیژڕۆیی تۆمار دەکەن، بەڵام شۆفێرانی سەرپێچیکار سزا نادرێن.
 
هاتووچۆی سلێمانی دەشڵێت، لە رۆژی دووشەممە، 29ـی ئایاری 2023ـەوە لە کاژێر 0800ـی بەیانی کامێراکان تیژڕۆیی تۆمار دەکەن و شۆفێرانی سەرپێچیکار سزای دارایی دەدرێن. وەکو هاتووچۆی سلێمانی باسی کردووە، سزاکان بەگوێرەی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە (79)ـی ساڵی 2016 دەبێت.
 
بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی سلێمانی شۆفێران ئاگادار دەکاتەوە و دەشڵێت، "داواکارین پابەند بن بە مەبەستی پاراستنی خۆتان و بەکارهێنەرانی دیکەی شەقام و دوورکەوتنەوە لە سزای دارایی." 
 
رۆژی 24-3-2023، حکومەتی هەرێمی کوردستان ڤیدیۆگرافیکێکی لەبارەی کامێرای چاودێریی خاڵ بۆ خاڵەوە بڵاوکردەوە. بە گوێرەی ڤیدیۆکە، لە سیستمی کامێرای چاودێریی خێرایی خاڵ بۆ خاڵ دوو کامێرا لەنێوان دوو خاڵ دانراون و دووریی نێوانیان لە سێ بۆ چوار کیلۆمەتر دەبێت، کاتێک ئۆتۆمبێلێک دەگاتە کامێرای یەکەم وێنەی دەگیرێت و سەرجەم زانیارییەکانی لە ژمارە و جۆر و کاتەکە دەنێرێت بۆ کامێرای دواتر، کە بە تۆڕێکی ئەلیکترۆنی پێکەوە بەستراونەتەوە، کاتێک دەگەیتە کامێرای دووەم دیسان کامێراکە وێنە دەگرێتەوە و بەپێی ئەپڵیکەیشنێکی تایبەت بە خۆی، ئەو کاتە هەژمار دەکات کە بۆ گەیشتن بە خاڵی دووەم دیاریکراوە، لەسەر بنەمای کاتەکە دەزانێت بە چی خێراییەک لێخوڕینت کردووە.
 
هەر بەپێی ڤیدیۆگرافیکەکە، ئەگەر ئەو کاتەی پێویستە بۆ گەیشتن لەنێوان دوو خاڵەکە زیاتر بوو یان هەمان کاتی دیاریکراوبوو، ئەوا هیچ سزایەک نانووسرێت، واتە لێخوڕین بە خێرایی دیاریکراو بووە، بەڵام ئەگەر کەمتر بوو لەکاتی دیاریکراو، ئەوە مانای ئەوەیە زێدەڕۆیی کراوە و لەسەر بنەمای کەمیی کاتەکە خێرایی ئۆتۆمبێلەکە دەزانرێت و سزا لەسەر ئەو بنەمایە دادەنرێت.
 
بۆ کۆنترۆڵکردنی خێرایی ئۆتۆمبێل لەسەر شەقامەکان، حکومەتی هەرێمی کوردستان گرێبەستێکی لەگەڵ کۆمپانیای ئێرلی فیوچه‌ر کردووە بۆ دانانی نزیکەی 500 کامێرای تۆمارکردنی تیژڕۆیی کە بەشێوەی پۆینت تو پۆینت کار دەکەن. سیستمی خاڵ بۆ خاڵ، جگە لە تۆمارکردنی تیژڕۆیی، دوو تایبەتمەندیی دیکەی هەیە، کە وا دەکات یاساکە تووندتربێت لەسەر شۆفێران.
 
خاڵ بۆ خاڵ، واتە لەنێوان دوو کامێرادا، ئەگەر خێراییەکەی بە 80 کیلۆمەتر دیاریکرابێت و ماوەی گەیشتن بەو خێراییە 10 خولەک بێت، ئەگەر شۆفێر بە کەمتر لە 10 خولەک بگاتە کامێرای دووەم، ژمارەکەی تۆمار دەکرێت و سزا دەدرێت. هەروەها، ئەگەر بە خێرایی زیاتر لە دیاریکراو، شۆفێر لە چەندین کامێرا بدات، یەک بەدوای یەک، هەموویان وەکو یەک ژمارەکەی تۆمار دەکەن، واتە لە ماوەیەکی کەمدا دەکرێت لە چەند کامێرایەک بدات و چەندجارێک سزا بدرێت.
 
هەروەها تایبەتمەندییەکی دیکەی ئەو کامێرایانە ئەوەیە، کە ئەگەر شۆفێر لەکاتی سەرپێچیدا پشتوێنی سەلامەتی نەبەستێت، یان مۆبایل بەکاربهێنێت، وێنەی دەگرێت و بە سەرپێچی بۆی تۆمار دەکات.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە