رووداو-هەولێر
سەعدی ئەحمەد پیرە سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ سلێمانی بە هەنگاوێکی "گرنگ و ئەرێنی" لەپێناو کۆتاییهێنان بە گرژییەکانی نێوان لایەنە سیاسییەکان وەسف دەکات و دەڵێت، ئەو سەردانە وەڵامی بەشێک لە پرسیارەکانی هاووڵاتییان دەداتەوە.
رۆژی شەممە 21-5-2022 سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان میوانی بوولتەنی کاژێر هەشتی رووداو بوو کە لەلایەن شاهۆ ئەمینەوە پێشکێش دەکرێت و رایگەیاند: "ئەم سەردانەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بووەتە خواستێکی جەماوەری".
سەعدی ئەحمەد پیرە گوتی: "کۆتاییهێنان بە گرژییەکانی نێوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، بەتایبەت لە نێوان یەکێتی و پارتی، هەنگاوی یەکەم بە راگرتنی هەڵمەت و شەڕی میدیا و رۆژنامەکان دەستیپێکرد و بەخۆشییەوە سەرجەم میدیا فەرمی و نافەرمییەکان بەباشی پێوەی پابەندبوون، ئەوە زەمینەی خۆشکرد نێچیرڤان بارزانی سەردانی سلێمانی بکات".
بڕیارە سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە سەردانەکەی بۆ سلێمانی، لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە و لەوبارەوە سەعدی ئەحمەد پیرە دەڵێت: "کۆبوونەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان هەنگاوێکی ئەرێنییە و ئەوە وەڵامی بەشێک لە پرسیارەکانی هاووڵاتییان دەداتەوە، بەڵام ئەنجامەکەی گرنگە بۆ خەڵک".
بەدەر لە کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان، بڕیارە سبەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەشداری لە رێوڕەسمی دەرچووانی دوو خولی پێشمەرگە و ئەفسەران لە قەڵاچوالان بکات.
رۆژی شەممە 21-05-2022، دڵشاد شەهاب، راوێژکاری باڵای سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "سبەی یەکشەممە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی سلێمانی دەکات و بەشداری لە رێوڕەسمی دەرچووانی خولی 16ـی کۆلێژی سەربازیی قەڵاچۆڵان دەکات."
راوێژکاری باڵای سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتیشی، پاش رێوڕەسمی دەرچووانی کۆلێژی سەربازی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، سهلاحهدین محهممهد بههائهدین، ئهمینداری گشتیی یهكگرتووی ئیسلامیی كوردستان و عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان و چەند حیزب و کەسایەتیی سیاسیی سلێمانی کۆدەبێتەوە.
دەقی هەڤپەیڤینی سەعدی پیرە لەگەڵ رووداو:
رووداو: چوونی نێچیرڤان بارزانی بۆ سلێمانی بۆ بەشداریکردنی لە رێوڕەسمی دەرچووانی کۆلێژی سەربازی قەڵاچوالان و سەردانی بۆلای حیزبەکان، بۆ ئێوە وەک یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان چ پەیامێکی سیاسی دەگەیێنێت؟
سەعدی ئەحمەد پیرە: ئەم سەردانەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بووەتە خواستێکی جەماوەری. کۆتاییهێنان بە گرژییەکانی نێوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، بەتایبەت لە نێوان یەکێتی و پارتی، هەنگاوی یەکەم بە راگرتنی هەڵمەت و شەڕی میدیا و رۆژنامەکان دەستیپێکرد و بەخۆشییەوە سەرجەم میدیا فەرمی و نافەرمییەکان بەباشی پێوەی پابەندبوون، ئەوە زەمینەی خۆشکرد سەردانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ سلێمانی و بەشداریکردنی لە دەرچووانی خولی سەربازی و هەروەها کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان هەنگاوێکی زۆرباشە و پێموایە و ئەوە وەڵامی بەشێک لە پرسیارەکانی هاووڵاتییان دەداتەوە، بەڵام ئەنجامەکەی گرنگە بۆ خەڵک. ئەویش پرسی رێککەوتنی لایەنەکانە لەسەر بەرنامەیەکی هاوبەش، بە شاندێکی هاوبەش هەرێمی کوردستان بەشداری بکات، دوور لە شێوەکانی پێشتر، کە کرچوکاڵ و تاکڕەوی تێدابوو، ئەمجارەی هەموو لایەنەکان بەیەکەوە بەشداری بکەن لەپێناو دامەزراندنی حکومەتی عێراقی فیدڕاڵ و جێگیرکردنی داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان کە ئەویش پرسە هەڵواسراوەکانە، و ئێستا بارودۆخی ئەمنی و کێشەی جووتیاران و بڕیاری دادگەی فیدڕالی عێراق و هەروەها دۆخی پێشمەرگە و ناوچە کێشەلەسەرەکان و زۆر خاڵی دیکەش کە پێویستە لە بەرنامەی حکومەتی داهاتوو جێگیر بکرێن کە ئەویش تەنیا ئەوکاتە جێگیر دەکرێن کە هەرێمی کوردستان یەکڕیز بێت و بەیەکەوە بچنە ناو ئەو گفتوگۆیانە.
رووداو: کۆبوونەوەکانی سبەی چ کاریگەرییەکی سیاسییان دەبێت و کاریگەرییان لەسەر خەڵک چی دەبێت کە تووشی بێهیوایی بوون؟
سەعدی ئەحمەد پیرە: خەڵکی کوردستان مافی خۆیانە، چونکە بارودۆخێکی زۆر نائارام لە ناوچەکە و دنیا و لەناو هەرێمی کوردستانیش هەیە، شەڕی نێوان رووسیا و هەموو وڵاتانی ئەوروپا، ئەو هێرشانەی بۆسەر هەرێمی کوردستان دەکرێن و هەر ئەمڕۆ هێرشێکی ناڕەوا بە فڕۆکە کرایە سەر مەخموور و ناوچەی ئاغجەلەر و بەهۆیەوە هاووڵاتی بریندار و شەهیدبوون، ئەوانە هەمووی لە ئەنجامی ئەوەن کە هەرێمی کوردستان یەکگرتوو نییە بۆ ئەوەی بتوانێ زەوی و ئاسمانی خۆی بپارێزێت و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی رابکێشێت بە یەکدەنگی و بە هەڵوێستێکی هاوبەش و یەکگرتوویی بۆ بەرگریکردن و پاراستنی سیادەی ئەو ناوچەیە، بەدڵنیاییەوە خەڵکی هەرێمی کوردستان و هەموو نیشتمانپەروەرێکی ئەو وڵاتە ئاواتەخوازن ئەو بارودۆخە گرژەی هەرێمی کوردستان خاو ببێتەوە و گفتوگۆکان دەستپێبکەن بۆ سەقامگیری و بەرەو سەنگەرگرتن لە دژی ئەو هەڕەشانەی لەسەر هەرێمی کوردستانن.
رووداو: سبەی دوو خولی پێشمەرگە و ئەفسەران لە کۆلێژی سەربازی قەڵاچوالان دەردەچن، هێشتا پێشمەرگە دوولەتە، یەکێتی دەیەوێ بەڕاستی هێزی پێشمەرگە یەکبگرێت؟
سەعدی ئەحمەد پیرە: یەکێتیی نیشتمانی هەمیشە پێی وابووە پێشمەرگەی حیزبی ناتوانێ ئەرکە نیشتمانییەکانی وەک پێویست جێبەجێ بکات، تەنانەت ئەو لیوا هاوبەشانەی دروستیشبوون، بەتاڵ نین لە کێشە ناوخۆییەکان، لەبەر ئەوەی ناکۆکیی نێوان لایەنە سیاسییەکان، بەتایبەتی پارتی و یەکێتی، کار دەکاتە سەر هاوئاهەنگی نێوان ئەو لایەنە جیاوازانەی یەکە سەربازییەکەیان پێکهێناوە، ئەو پڕۆژەیەی لەلایەن هاوپەیمانانەوە بە ئامادەبوونی ئەفسەران و کاربەدەست و پسپۆڕانی خۆمان، هەوڵی ئەوە بدرێت بە شێوەیەک جێبەجی بکرێت کە هێزی پێشمەرگەی کوردستان ببێتە هێزێکی نیشتمانی و نەتەوەیی، نەک هێزێکی حیزبی وەک سەردەمی شەڕی ناوخۆ سەنگەر و سەربانەکان لەیەک بگرن و ئەوە هەمیشە دەبێتە چەقێک بۆ دروستکردنی دووبەرەکی و مەترسی و هەرەشە تەنانەت لەسەر ژیانی هاووڵاتییان.
رووداو: مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی کەی کۆدەبنەوە؟
سەعدی ئەحمەد پیرە: ئەوە رانەگەیێندراوە و بە نهێنی ماوەتەوە، بە دڵنیاییەوە زەمینە پێگەیشتووە و لە ئانوساتدایە، پێموانییە زۆر بخایێنێت و لە ماوەیەکی زۆر نزیک کۆدەبنەوە و یەک کۆبوونەوەش نابێت، بەڵکو زنجیرەیەک کۆبوونەوە دەبێت بۆ ئەوەی کێشەکان چارەسەر بکرێت و هەروەها ئێمە لەناو یەکێتیی نیشتمانی و پێموایە لایەنە سیاسییەکانی دیکەش، ئەو راپۆرتەی رێکخەری نەتەوە یەکگرتووەکان پێشکەش بە ئەنجوومەنی ئاسایشی کرد، مەبەستم راپۆرتەکەی جینین پلاسخارتە، ئەوەی لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستانە، پێویستە زۆر بە جدی وەربگیرێت و لێی بکۆڵدرێتەوە، ئەگەر پێشتر هەوڵدراوە زۆر شت داپۆشرێت و دیزەبەدەرخۆنە بکرێت، ئێستا لەلایەن پسپۆڕێکی نێودەوڵەتی کە چەند ساڵێکە لەگەڵمان دەژی، راپۆرتێکی نووسیوە و ئەو راپۆرتە جۆرێک لە نیگەرانی پێوەدیارە، زۆر سوپاسی نیگەرانییەکەی دەکەین، بەتایبەت ئاستی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی عێراق بە نیگەرانییەوە باسدەکات، پێویستە بە جدی وەربگیرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ