لە دوای 2017ـەوە نۆیەمینجارە هێرش دەکرێتە سەر کەمپی مەخموور


رووداو دیجیتاڵ

دوای نیوەڕۆی رۆژی شەممە، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا ئۆتۆمبێلێکی لەنێو کەمپی مەخموور کردە ئامانج. لە دوای ساڵی 2017 و نەمانی دەسەڵاتی هێزی پێشمەرگە لە مەخموور و دەورووبەری، ئەوە نۆیەمینجارە تورکیا هێرشدەکاتە سەر کەمپی مەخموور و دەورووبەری.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، بۆردوومانەکە زیانی گیانی هەبووە و دوو کوژراوی لێکەوتووەتەوە کە لە هێزی پاسەوانی کەمپەکە بوون، یەکێک لە بریندارەکان دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانەی گەیارە لە باشووری نەینەوا، بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.
 
بەهۆی بەردەوامیی بۆردوومانەکان، خەڵکی نێو مەخموور و نزیک کەمپەکە ترسیان هەیە. ئەحمەد سەید عومەر، شایەتحاڵی بۆردوومانەکە گوتی، "بەردەوامیی بۆردوومانەکان بووەتە هۆی هەراسانکردنی خەڵکی مەخموور، چەندینجار درەنگانی شەو خەڵک بەهۆی دەنگی بۆردوومانەکان بەخەبەر هاتووە و ترساوە، ئەوانە هەمووی بووەتە مەترسی."
 
کەمپی مەخموور کە دانیشتووانەکەی پێی دەڵێن کەمپی شەهید رۆستەم جودی، تایبەتە بە هاونیشتمانییانی باکووری کوردستان و لە 1998ـەوە لە بناری چیای قەرەچووخ لە رۆژهەڵاتی مەخموور دروستکراوە، کەمپەکە لەلایەن لیژنەی پەنابەرانی وەزارەتی ناوخۆی عێراق سەرپەرشتی دەکرێت و بەگوێرەی ئامارەکانیان، نزیکەی 10 هەزار کەس تێیدا نیشتەجێن، بەشێکیان رەگەزنامەی عێراقیان هەیە و ژمارەیەکیشیان هەڵگری رەگەزنامەی سووریان.
 
رزگار محەممەد، قایمقامی قەزای مەخموور دەڵێت، "ئەوە چەندینجارە بۆردوومان دووبارە دەبێتەوە، ئەوە زیاتر پەیوەندی بەوەهەیە و ئەوە راستییەکەیە کە جگە لە دانیشتووانی کەمپەکە کە پەنابەرانن، هێزێکی چەکداریشی لێیە، بەهەر بیانوویەک بێت، ئەوەیە بووەتە بیانووی بۆردوومانەکان."
 
هێرشەکەی کەمپی مەخموور چەند کاژێرێک دوای هێرشەکەی ناحیەی ئاغجەلەری سنووری قەزای چەمچەماڵ هات، کە تێیدا پێنج کە گیانیان لەدەستدا.