بەردانەوەی ئاوی دەربەندیخان ئاوی دەریاچەی حەمرین زیاد دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ 

بەهۆی بەردانەوەی ئاوی بەنداوی دەربەندیخان، ئاوی دەریاچەی حەمرین لە سنووری پارێزگای دیالە زیادیکردووە. 
 
رۆژی شەممە 21ـی ئایاری 2022، رەحمان خانی، بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەکان لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوە ئاوییەکانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "کارپێکردنی بەنداوی دەربەندیخان، پەیوەندی بە ئیدارەی گەرمیانەوە نییە، بەڵکو کارێکی ناوەندییە. مانگی چوار لەگەڵ سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق کۆبووینەوە بۆ دانانی بەرنامەیەکی هاوینە، بەوەی پێداویستی ئاوی ناوچەکانی خوارووی بەنداوەکان دیاریبکەین." 
 
رەحمان خانی ئاماژەی بەوەش کرد، "وەرزێک هەیە بۆ کۆگاکردن و وەرزێکی دیکەش وەرزی بەردانەوەی ئاوە. بۆیە ئێستا سەبارەت بە ئێمە وەرزی بەردانەوەی ئاوە، لە سەرەتای مانگی پێنج دەستیپێکردووە، بەرنامەی شەش مانگمان بۆ داناوە." 
 
لەبارەی رێککەوتنی ئیدارەی گەرمیان و دیالە، ئەحمەد زرگوشی، بەڕێوەبەری ناحیەی سەعدییە لە سنووری پارێزگای دیالە رایگەیاند، بەهۆی رێککەوتنی نێوان ئیدارەی دیالە و ئیدارەی گەرمیان، ئاوی بەنداوی دەربەندیخان بەردەدرێتەوە و ئاوی دەریاچەی حەمرین زیادیکردووە.
 
بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان باسی لەوەش کرد، "لە رابردوودا کە ئاویان بەردەدایەوە زۆر نەدەگەیشت، هەمووی بەکاردەهێنرا و دەبووە هەڵم و بەفیڕۆ دەچوو، بۆیە لە نێوان ئیدارەی پارێزگای دیالە و ئیدارەی گەرمیان رێککەوتن کراوە بۆ کەمکردنەوەی ئەو سەرپێچییانەی سەر رووباری سیروان، بۆ ئەوەی ئاوی پێویست بگاتە بەنداوی حەمرین." 
 
لەبارەی رێژەی ئاو لە بەنداوی دەربەندیخان، رەحمان خانی راشیگەیاند، "ئێستا بەنداوی دەربەندیخان نزیکەی ملیارێک و 300 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە. بەنداوی دووکانیش نزیکەی دوو ملیار و 900 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە. لە چرکەیەکدا 50 بۆ 60 مەتر سێجا ئاو لە دەربەندیخان بەردەدرێتەوە، پێشتر لە مانگی چواردا 25 بۆ 30 مەتر سێجا بووە. ئەو ئاوە بۆ هەموو ناوچەکانی خوارووی بەنداوی دەربەندیخانە کە ناوچەکانی گەرمیان، سەعدییە، گوڵاڵە و حەمرینن. ئێستا بەنداوی حەمرینیش 25 مەتر سێجا لە چرکەیەکدا ئاو بەردەداتەوە، تەنیا بۆ خواردنەوەیە، نەک کشتوکاڵ کردن."