ئەپی رووداو لە ئەپڵ وۆچ دەکەوێتەکار؛ لە کاتژمێرەکەتەوە ئاگاداری هەموو هەواڵێك بە


رووداو دیجیتاڵ

ئێستا ئەپی رووداو لە پلاتفۆرمی WatchOSـی کاتژمێری ئەپڵ (Apple Watch) بەردەستە. خوێنەری رووداو لە کاتژمێرەکەی دەستیەوە دەتوانێت ئاگاداری نوێترین زانیاری و هەواڵ بێت.
 
کۆمپانیای ئەپڵ لە وەشانی شەشەمی WatchOS رێگەی بە هەموو دیڤیلۆپەرەکان داوە ئەپ دروستبکەن کە سەربەخۆ کاربکات، بەبێ بەستنەوەی بە ئایفۆنێکەوە. ئەمەش مانای ئەوەیە کە ئەپەکانی Apple Watch سەربەخۆ دەتوانن کاربکەن.
 

 

لە دوای ئەم راگەیاندنەی ئەپڵ، تۆڕی میدیایی رووداو بۆ ئاسانکاری خوێنەرانی بیری لەوە کردەوە ئەپەکەی بە شێوەیەکی "سەربەخۆ" لە Apple Watch دەستەبەر بکات.
 
ئەپەکە هەموو بەشەکانی هەواڵی رووداو لەخۆدەگرێت. خوێنەر دەتوانێت بەشی دڵخوازی خۆی لە ئەپەکە بکاتەوە و هەواڵ و زانیاریی تایبەت بەو بەشەی دەیەوێت بخوێنێتەوە.
 
ئەپی رووداو لە Apple Watch بە چوار زمان و دوو شێوەزار بەردەستە؛ کوردی (کورمانجی خواروو و کورمانجی سەروو)، عەرەبی، ئینگلیزی و تورکی. 
 
ئەوەی کاری خوێنەران ئاسانتر دەکاتە ئەوەیە کە لە کاتی کردنەوەی هەواڵ دەتوانێت کورتەیەک لەسەر هەواڵەکە راستەوخۆ لە ئەپەکەیەوە بخوێنێتەوە.
 
هەروەها فۆتۆستۆرییەکان لە ئەپەکە بەردەستە، خوێنەر لەکاتی کردنەوەی فۆتۆستۆری دەتوانێت تەماشای وێنەکان بکات. 
 
لە هەمان کاتدا پەخشی راستەوخۆی رووداو لە ئەپەکە ئێستا لەبەردەستدایە. یەکێک لە تایبەتمەندییەکانیشی ئەوەیە کە کاتێک خوێنەر دەستی دەباتە خوارەوە و راستەوخۆ سەیری کاتژمێرەکە ناکات، پەخشەکە دەوەستێت، بەڵام ئەپەکە بەردەوام دەبێت لە گواستنەوەی دەنگ بۆ خوێنەر، ئەمەش بۆ پاراستنی بارگەی (شەحن) کاتژمێرەکەیە. پەخشی دەنگی رادیۆی رووداو بە هەمان شێوە بەردەستە لە ئەپەکە.

خوێنەر بە دوو جۆر دەتوانێت هەواڵەکان بخوێنێتەوە. بەشێوەی سڵایدەر و بەشێوەی لیست. بۆ گۆڕینی جۆرەکان، خوێنەر دەتوانێت لە سێتینگی ئەپەکەوە شێوازەکەی بگۆڕێت.
 
رووداو هەمیشە پێشەنگە لە بەکارهێنانی نوێترین تەکنەلۆژیاکان بۆ هێنانەکایەی نوێگەری لە گواستنەوەی هەواڵ و زانیاری بە خوێنەران.