بەڕێوەبەری ناحیەی ئاغجەلەر: ئەو ئۆتۆمبێلەی کراوەتە ئامانج هی ئەنجوومەنی گوندی تووتەقەڵە

21-05-2022
راوچی حەسەن @Rawchihasan
نیشانەکردن تورکیا بۆردوومانی تورکیا ئاغجەلەر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری ناحیەی ئاغجەلەر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو ئۆتۆمبێلەی ئەم بەیانییە لەلایەن فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانەوە کراوەتە ئامانج "هی ئەنجوومەنی گوندی تووتەقەڵانە، دوو هاونیشتمانیی گوندەکانی تووتەقەڵان و سەرچنار لەگەڵ سێ چەکداری پەکەکە [خەڵکی گوندەکە دەڵێن پەکەکەن] لەنێو ئۆتۆمبێلەکەدا بوون و کوژراون."
 
لە بوولتەنی کاژێر 12:00 نزار جەزا، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو قسەی لەگەڵ هێمن بەهجەت، بەڕێوەبەری ناحیەی ئاغجەلەر کرد و بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "دوو فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان کە رەنگیان سپی بووە و هاونیشتمانییانی ناوچەکە بینیویانە، سەرەتا بەسەر ناوچەکەدا سووڕاونەتەوە و ئۆتۆمبێلێکی تۆیۆتا هایلۆکس لەوێ بووە و بۆردوومانیان کردووە و سووتاوە. پێنج کەس لەنێو ئۆتۆمبێلەکەدا بوون و گیانیان لەدەستداوە." 
 
بەگوتەی هێمن بەهجەت رووداوەکە ترس و دڵەڕاوکێی لای هاونیشتمانییان دروستکردووە و دەشڵێت "هەر ئەمڕۆ لە کاژێر 05:30 خولەکی بەرەبەیان بە بیانووی بارەگای پەکەکە، فڕۆکەکان گوندی تووتەقەڵیان لە بناری خاڵخاڵان لە ناحیەی ئاغجەلەر بۆردوومان کردووە و دواتر لە کاژێر 9:00 ئۆتۆمبێلەکەیان بۆردوومان کردووە."
 
بەڕێوەبەری ناحیەی ئاغجەلەر ئاماژە بەوەش دەدات "لە رووداوەکەدا بەداخەوە بووە هۆی گیانلەدەستدانی پێنج سەرنشینی ئۆتۆمبێلەکە. ئەوانەیشی گیانیان لەدەستداوە دووانیان ناسنامەیان دیارە، یەکێکیان خەڵکی گوندی تووتەقەڵە و ئەوەی دیکەش خەڵکی گوندی سەرچنارە، سێ کەسەکەی دیکە دووانیان بە تەواوی تەرمەکانیان سووتاوە و تیمەکانی بەرگریی شارستانی ئاگرەکەیان کۆنترۆڵکرا، ئەوانی دیکە ناناسرێنەوە و خەڵکی گوندەکە دەڵێن چەکداری پەکەکەن."
 
بەگوتەی بەڕێوەبەری شارۆچکەی ئاغجەلەر "بارەگای هێزەکانی پەکەکە لە سنوورەکە هەبوون، بەڵام ئێمە بەفەرمی ئاگاداری ئەوەنین، هۆکاری بۆردوومانەکەش بوونی بارەگاکانی پەکەکە بوون لە ناوچەکە."
 
سەبارەت بەو ئۆتۆمبێلەی کە کراوەتە ئامانج، هێمن بەهجەت دەڵێت "ئۆتۆمبێلەکە هی ئەنجوومەنی گوندی تووتەقەڵە و سەرنشینەکەش هەر ئامۆزای خۆیەتی. بەڵام نازانم ئەوان بۆ لەگەڵ سێ کەسەکەی دیکە بەیەکەوە بوون، چونکە ناسنامەی ئەوانی دیکە نازانین کێن، بەڵام وەکو گوتم کە خەڵکی گوندەکە دەڵێن پەکەکەن."
 
لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە کراوە،  بەڕێوەبەری ناحیەی ئاغجەلەر بڕیارە سەردانی شوێنی رووداوەکە بکات و دەشڵێت "لێکۆڵینەوەی تەواو لە رووداوەکە دەکەین."
 
بەپێی زانیارییەکانی بەڕێوەبەری ناحیەی ئاغجەلەر پێشتر لە ساڵی 2016 لە سنووری شاخی کێوەچەڕمەڵە و لە گوندی گەڕاوە "دوو هێلیکۆپتەر ئاسمانی ناوچەکەیان بەزاند و بۆردوومانیان کرد و زیانێکی زۆری بەر رەز و باخی و پووش و پاوانی هاونیشتمانییان گەیاند، 10 هەزار دۆنم لە پووش و پاوان لە سنووری چەند گوندێک سووتان."
 
هەڵۆ زاهیر، هاونیشتمانی لە گوندی تووتەقەڵ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند بوو کە "دوو هاونیشتمانییەکە کە کوژروان یەکێکیان ناوی ئارام کاکەخانە و خەڵکی گوندی تووتەقەڵە، ئەوەی دیکە ناوی ئیسماعیلە."
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دوای چەند کاژێرێک لە بێسەروشوێنبوونی، تەرمی ئارین دۆزرایەوە

تەرمی منداڵە بێسەروشوێنبووەکەی لوڕستان دۆزرایەوە

تەرمی منداڵێکی تەمەن چوار ساڵانی پارێزگای لوڕستان کە لە دوێنێ بەیانییەوە بێسەروشوێن ببوو، دۆزرایەوە. داواکاری گشتیی کۆیەشت دەڵێت، پەڕاوی لێکۆڵینەوە لە هۆکاری گیانلەدەستدانی کراوەتەوە.