رووداو دیجیتاڵ
نرخەکانی نەوت لە دوایین ساتەکانی داخستنی بازاڕ لە شەوی رابردوو، بەهۆی هەوڵی وڵاتانی ئەوروپی بۆ قەدەخەکردنی هاوردەکردنی نەوتی رووسیا و هەروەها ئاسانکردنی رێوشوێنەکانی هاتووچۆ لە چین بەرزبووەوە.
نرخی نەوتی برێنت نزیکەی 0.5٪ بەرزبووەوە و هەر بەرمیلێک بە 112 دۆلار و 55 سەنت فرۆشرا. هەروەها نرخی نەوتی سووکی تێکساس لە 0.9٪ بەرزبووەوە و بە 113 دۆلار و 70 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
دوای ئەوەی لە نێوەڕاستی مانگی دوو بەهۆی نیگەرانی لە تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا نرخەکانی نەوت دابەزین، بۆ ماوەی چوار هەفتەی بەردەوامە کە ئاراستەیان بەرەو بەرزبووەنەوە گۆڕیوە.
کرەیک ئەرلەم، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکان لە کۆمپانیای راوێژکاریی ئواندا رایگەیاند "ئەگەری بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی نەوت لە ئارادایە بەهۆی پلانی ئەوروپییەکان بۆ وەستاندنی نەوتی رووسیا و هەروەها کرانەوەی بازاڕەکانی چین."
بازاڕەکانی وزە چاوەڕێی بەرزبوونەوەی خواستی چین دەکەن بۆ هاوردەکردنی نەوتی زیاتر بەوپێیەی کە لە هەفتەی رابردووەوە رێوشوێنەکانی پەیوەست بە قەدەخەی هاتووچۆ لە شانگهای، گەورەترین ناوەندی بازرگانیی ئەو وڵاتە ئاسانکراون.
هەر ئۆنسەیەک زێڕ بۆ 1845 دۆلار بەرزبووەوە
بەهۆی دابەزینی بەهای دۆلار بەرامبەر دراوەکانی دیکە، نرخی زێڕ لە دوایین ساتی مامەڵەی بازاڕەکانی جیهان بەرزبووەوە و بەوپێیەش نرخی زێڕ لە ماوەی نزیکەی دوو مانگی رابردوودا یەکەم هەفتەیە کە بە بەرزبوونەوە دادەخرێت.
نرخی هەر ئۆنسە زێڕ لە کاتی داخستنی بازاڕدا بەڕێژەی 0.18٪ بەرزبووەوە و بە 1845 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا. بەگشتی لە ماوەی هەفتەی رابردوودا نرخی زێڕ بەڕێژەی 1.9٪ بەرزبووەتەوە.
ستێفن ئێنەس، بەڕێوەبەری کۆمپانیای راوێژکاریی ( ئێس پی ئای ئەسێت) سەبارەت بە نرخی زێڕ رایگەیاناد، " نیگەرانی سەبارەت بە سستبوونەوەی ئابووریی ئەمریکا سەری هەڵداوە، ئەوەش یارمەتیدەر بووە بۆ بەرزکردنەوەی نرخی زێڕ."
ئەو شرۆڤەکارەی بازاڕی زێڕ رایگەیاند "سەرەڕای بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ، هێشتا ئەگەری بەرزکردنەوەی سوودی بانکی لە ئەمریکا بە گەورەترین مەترسی لەسەر بازاڕی زێڕ هەژمار دەکرێت."
بەهای دۆلار بەرامبەر دراوە جیهانییەکان بەمشێوەیە:
100 دۆلار بەرامبەرە بە 148 هەزار و 400 دیناری عێراقی
یۆرۆ - دۆلار 1.057 EUR/USD
پاوەند - دۆلار 1.245 GBP/USD
دۆلار - یەن 127.741 USD/JPY
دۆلار - لیرە 15.90 USD/TRY
یەک دۆلار - ریاڵ (تمەن) 30 هەزار و 150 تمەن USD/IRR
یەک دۆلاری ئەمریکی: 62 روبڵی رووسی
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ