ساڵانە نزیکەی 90 هەزار تۆن چا هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێت

 
رووداو دیجیتاڵ
 
ئەمرۆ رۆژی جیهانیی چاییە، لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەوەی خەڵکێکی زۆر حەز بە خواردنەوەی چا دەکەن، بەڵام ئەو چاییانەی کە دەیخۆینەوە هەمووی لە وڵاتانی دەرەوە هاوردە دەکرێت، ئەو جۆری چاییانەی لە بازاڕەکان هەن جیاوازن، چایی چایخانەکان زۆرجار تامێکی جیاوازی هەیە بەتایبەت ئەوانە چاییچییەکی لێزانن و ئەزموونی زۆریان لەگەڵ لێنانی هەیە.
 
چایخانەیەک بە زیاتر لە 70 ساڵ مێژووەوە لە هەولێر. لە باوکییەوە بۆی ماوەتەوە. رۆژانە سێ ژەمە و هەموو کات چایخانەکە قەرەباڵخە. محەممەد خەلیل، خاوەنی چاییخانەکە لەبارەی ئەوەی کە چایی پێشتر تامی خۆشترە دەڵێت، چایی سەیلانی جاران زۆر باشتر و تامی خۆشتر بوو، ئێستا ئەو چاییە نەماوە. چونکە خەڵک زۆر بووە ناتوانن ئەو چاییە بەو کوالێتییە بەرهەم بهێنن.
 
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی ساڵانە نزیکەی 90 هەزار تۆن چایی لە سریلانکا، هیندستان، ڤێتنام و چینەوە هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێت. کە هەر تۆنێکی نزیکەی 1500 بۆ 6 هەزار دۆلارە.
 
شەش جۆر چا لە هەرێمی كوردستان خواستی زۆری لەسەرە ئەوانیش بیكۆ، قەڵەمی، شكستە، باروتی، چای ورد و چای سەوز. جاسم حامد، چاییفرۆشە و دەڵێت، "ئەوەی کە لێرە بەکاردێت بە دەرەجەی یەکەم چایی سریلانکییە، سریلانکا باشترین چایی هەیە. دوای ئەو ڤێتنام، دوای هیندستان دێت، بەڵام ئەوەی لە هەولێر سەرف دەبێت چای سریلانکییە. خەڵکی هەولێر زیاتر چایی قەڵەمی دەخۆن لەگەڵ چای سوپەر بیکۆ".
 
دکتور شۆخان عوسمان، پسپۆڕ لە بەرگریی لەش دەڵێت، باشترین جۆری چایی، چایی سەوزە بەڵام دەکرێت جۆرەکانی دیکەش بخۆنەوە بەڵام رۆژانە دوو بۆ سێ کوپ زیاتر نەبێت. کاریگەرییە لاوەکییەکانی ئەوەیە ئەگەر تۆ بەرێژەیەکی زۆر ئەو کافەیینە بە جەستە بگات، کاریگەری لەسەر هەڵمژینی گەدە و ریخۆڵەکان ئەکات بۆ ئاسن، ترشی گەدە بەرز ئەگاتەوە، تووشی نیگەرانی و سەرێشەت ئەکات و خەوت کەم دەکاتەوە.
 
بەپێی ئامارەکانی رێکخراوی جیهانیی فائۆ بۆ تەندروستیی خۆراک ساڵانە زیاتر لە 3 ملیۆن تۆن چای لە جیهاندا بەرهەم دێت کە زیاتر لە 50٪ی چای رەشە. سریلانکا، چین، هیندستان و کینیا زیاتر لە 60٪ چای دنیا بەرهەم دەهێنن.