رووداو دیجیتاڵ
بەراز لە قەزای چوارتا زیادبووە و دێنە کۆڵانەکانی نێو قەزاکەوە. دانیشتووانی چوارتا دەڵێن، هیچ ساڵێک هێندەی ئەم ساڵ بەراز زۆرنەبووە.
دلێر عەبدولرەحمان باخ و ماڵەکەشی لەناو قەزاکەدایە. بەراز تینی بۆ هێناوە و رەوە بەراز بە باخەکەی فێربوون. لە چەندلایەکەوە تەلبەندی باخەکەیان بڕیوە. بۆ چاککردنەوەی تەلبەندەکە شیشی نیومەتری چەقاندووە، "بەڵام هێندە بەهێزن ئەوەش هەڵدەکەنن."
خاوەن باخەکە لەئێستاوە خەمی بەفیڕۆچوونی رەنجی ئەم ساڵیەتی: "ئەم ساڵ لەهەموو ساڵێک زیاتر بەراز هاتووەتە ناوچەکەمانەوە، هەر شەوە و لە شوێنێکەوە کونێک لە تەلبەندی باخەکەمان دەکەن."
گوندنشینان لەبەر سزای حکومی ناوێرن بەراز بکوژن، بۆیە زاوزێیان زیادبووە، هەر رەوە بەرازێک "30 بۆ 40" بەرازدەبن، ئەو جوتیارە دەڵێت: "بەرازی ئێستا لە کەس ناترسێت، نە لە تەقە نە لە هیچ دەترسێت، حساب بۆ هیچ کەسێک ناکات، بە رۆژی رووناک دێنە ناو چوارتاوە بەشەو بەپۆل دەگەڕێن."
بەپێی رێنماییەکان کوشتنی بەراز قەدەخەیە؛ هەرکەسێک بیکوژێت بە بڕی 500 هەزار دینار سزادەدرێت.
لە ساڵی 2023دا هەزار و 250 سەرپێچیکاریان بەهۆی راوی نایاساییەوە دەستگیر کردووە، بەبڕی 33 ملیۆن دینار سزادراون.
خاوەن باخ و رەزەکان داوای چارەسەر دەکەن. بەگوتەی خۆیان ئێستا کە بەری باخەکانیان پێنەگەیشتووە بەراز هەراسانی کردوون، ئەوکاتەی کە پێگەیشت هیچیان بۆ نامێنێتەوە. باکۆ یادگار یەکێکە لەو خاوەن باخانە. لە 30 شوێنەوە تەلبەندی باخەکەی بڕاوە، داواکارە حکومەت چارەسەرێک بدۆزێتەوە، ئەگەرنا بەروبومی هاوینەشی "لەنێودەچێت."
بەهۆی ژینگەی ناوچەکەوە کە شیو و دۆڵ و ئاوی زۆرە، هەروەها فراوانیی ناوچەکە و کەمیی دانیشتووانەوە بەراز ئاسانتر تێیدا گەشەدەکات و زۆردەبن.
ساڵ لە دوای ساڵ بەراز زیاتر بووە. ئیبراهیم مستەفا، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی شارباژێڕ دەڵێت: "ئەگەر ئەم ساڵ 50 سەر بێت، ساڵی دواتر دەبنە 75 و 80 سەر. ئێمەش هیچ دەسەڵاتێکمان نییە و زیان لەجوتیاران دەدەن، داوا لە حکومەت دەکەین چارەسەری بکەن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ