لە ماکۆی رۆژهەڵاتی کوردستان شەش کەس بە تۆمەتی فرۆشتنی کحولی ساختە دەستگیرکران

21-04-2024
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لە شاری ماکۆی رۆژهەڵاتی کوردستان، هاونیشتیمانییەک بە هۆی "خواردنەوەی کحولی ساختە"ـوە گیانی لەدەستدا و شەش کەسیش ژەهراوی بوون. سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی پارێزگای ورمێ دەڵێت: "پەیوەست بەو رووداوە، شەش کەس بە تۆمەتی فرۆشتنی کحولی ساختە دەستگیرکراون."
 
ناسر عەتەباتی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی پارێزگای ورمێ، ئەمڕۆ یەکشەممە، 21ی نیسانی 2024 رایگەیاند، "بەهۆی ژەهراویبوون بە کحولی ساختە لە شاری ماکۆ، هاونیشتیمانییەک گیانی لەدەستداوە و شەش کەسیش ژەهراوی بوون. گوێزراونەتە نەخۆشخانە و ئێستا چارەسەر وەردەگرن."
 
ناسر عەتەباتی گوتی: "پەیوەست بەو رووداوە شەش کەس بە تۆمەتی فرۆشتنی کحولی ساختە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکران. دوای لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان و کردنەوەی دۆسیە بۆیان، تۆمەتبارەکان رادەستی لایەنە پەیوندیدارەکانی دەسەڵاتی داد کرانەوە و بە بڕیاری دادگە رەوانەی زیندان کران."
 
سابر جەعفەری، داواکاری گشتیی شاری ماکۆ، رۆژی چوارشەممە، 3ـی کانوونی دووەمی 2024 رایگەیاندبوو، لەو شارە سێ کەس بەهۆی خواردنەوەی مادە کحولییەکان گیانیان لەدەستداوە و 20 کەسی دیکەش ژەهراوی بوون.
 
سابر جەعفەری هەروەها گوتبووی، پەیوەست بەو رووداوە، چوار کەس دەستگیرکراون کە فرۆشیاری کحولن. 
 
دواتر زانیاری بڵاوکرایەوە کە ژمارەی ئەو کەسانەی لە شاری ماکۆ لە باکووری پارێزگای ورمێ بە هۆی خواردنەوەی کحولی ساختەوە گیانیان لەدەستداوە، بۆ حەوت کەس بەرزبووەتەوە.
 
لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، کڕین و فرۆشتنی مادە کحولییەکان قەدەخەیە و نرخیان گرانە، بۆیە زۆر جار کحولی خراپ، ناستاندارد و دەستکرد بە خەڵک دەفرۆشرێت، ئەمەش لێکەوتەی تەندروستیی خراپی هەیە. 
 
بەشێک لەوانەش بەناوی خواردنەوە کحولییە بیانییەکان دەفرۆشرێن، ساختەکارییان تێدا دەکرێت؛ یان کحولە دەستکردەکان ئێتانۆڵیان تێدەکرێت، بۆئەوەی سەرخۆشکەر بێت، بەڵام ئەگەر زۆر بخورێتەوە، مەترسیدار دەبێت. ئەم بابەتانە زۆرجار دەبنە هۆی ژەهراویبوون، نابینایی، لەکارکەوتنی گورچیلە و مردن.
 
سەرەڕای قەدەخەبوونی کحول، ئێران یەکێک لەو وڵاتانەیە کە کحولی زۆریان تێدا دەخورێتەوە. بەپێی راپۆرتی ساڵی 2019ـی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، لەنێو 189 وڵاتی جیهاندا ئێران پلەی نۆیەمی بۆ خواردنەوەی کحول هەیە.
 
لە ساڵی 2022دا 644 کەس لە ئێران بەهۆی خواردنەوە کحولییەکانەوە گیانیان لەدەستداوە کە بەراورد بە ساڵی پێشتر بە رێژەی 30٪ زیادیکردووە.
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە