کەسوکاری ئەنفالکراوانی گەرمیان داوای گەڕاندنەوەی رووفاتی ئازیزانیان دەکەن

21-04-2024
هەردی محەممەد عەلی
هەردی محەممەد عەلی
کەسوکاری ئەنفالکراوان.
کەسوکاری ئەنفالکراوان.
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

لاوانەوەی دایکی جەرگ سووتاو و خوشک و کەسوکاری ئەنفالکراوانی گەرمیان هەمان دیمەنی ساڵانی سەردەمی ئەنفال پێشاندەدات لەتۆپزاوای باشووری کەرکووک. 
 
20ـی نیسان یادی دوایین رۆژی قۆناخی سێیەمی ئەنفالی ناوچەی گەرمیانە. بۆیە کەسوکاری ئەنفالکراوان سەردانی سەربازگەی تۆپزاوایان کردووە و دڵنەوایی خۆیان بە کێلی ئەو گۆڕی ئەنفالکراوانە دەدەنەوە کە وەک دروشمی کۆمەڵکوژیی گەلی کورد لەوێ دانراون. 
 
شەتاو سەعید، کەسوکاری ئەنفالکراوە و دەڵێت، "من سێ برام ئەنفالە. پیاوەکەم ئەنفالە. شوبرایەکم ئەنفالە. خوشکێکی ئەنفالە. خۆشم گیرام، دواتر بەردرام." 
 
کەسوکارێکی دیکەی ئەنفالکراو دەڵێت: "من یەک کوڕم لە قادرکەرەم، کەس نازانێت چی لێهات. سوپا بەسەریدا داین، هەر کە منداڵەکەم لەدایکبوو، لەوێ جێمهێشت. کچەکەم هەمیشە دەیگوت 'دایکە، براکەم نایەتەوە؟'."
 
زۆربەی ئەوانەی لە سەربازگەکە کۆبونەتەوە، ئەوانەن لەوێ زیندانی کراون و ئەشکەنجە دراون. 
 
محەممەد کامیل ئەو جێگایەمان نیشان دەدا کە تێیدا زیندانیکراوە، دەڵێت، ئەوکات تەمەنی تەنیا هەشت ساڵ بووە، رۆژانە ئازاری زۆری دەروونی و جەستەیی دراون، لەو ماوەیەی لێرە ماونەتەوە تا دواتر کەسوکاریان لێجیاکراونەتەوە و بەرەو چاڵی مەرگ بردراون لە باشووری عێراق. 
 
محەممەد دەڵێت: "هەموو رۆژێک بەیانیی زوو، پۆل پۆل خەڵکییان لە هۆڵەکان دەردەکرد، لێرە خێزان خێزان جیایان دەکردنەوە. ناوی هەر هەموویان دەنووسی. خزمەکانی ئێمە بردران و نەمانبینینەوە، تەقەی راستەوخۆ (رەمی)یان لێکرا. لەدوای ئەوە لێخۆشبوونەکە هات، ئێمەیان بارکرد، دوو ئۆتۆمبێل مابوون بکەونە رێ، لێخۆشبوونەکە هات و ئێمەیان داگرت." 
 
لە چالاکییەکانی ئەو رێوڕەسمەدا، کە گۆڤاری تۆپزاوا و رێکخراوەکانی جینۆساید رێکیانخستبوو، جگە لە پێشکێشکردنی گوتارەکان، دەیان تابلۆی پاشماوەی جێماوی ئەنفالکراون نمایشکران. 
 
کەسوکاری ئەنفالکراون نیگەرانن و داواکاری زۆریان هەیە کە هێشتا بۆیان جێبەجێ نەکراوە. 
 
حوسنی محەممەد، کەسوکاری ئەنفالکراوە و داوا دەکات، "جینۆساید لە وڵاتان بناسێندرێت، رێگەمان بدەن، خۆمان دەڕۆین بەرگری لەخۆمان دەکەین. ئەمانە نایکەن." 
 
ئایشە فەرید، کەسوکارێکی دیکەی ئەنفالکراوە و دەپرسێت: "تا کەی چاوەڕوان بین، بەخوا ئێستاش کە دەخەوم، کەسێک لە دەرگە بدات، وا دەزانم براکانمن دەگەڕێنەوە. داواکارین رووفاتەکانمان بۆ بگەڕێندرێنەوە." 
 
سەربازگە کۆنەکەی تۆپزاوا بووەتە کەلاوە کە بەپێی ئامارەکانی تابلۆی داواکاری گشتی جێگای زیندانیکردنی 26 هەزار کورد بووە بەر لەوەی ئەنفال بکرێن. تا ماوەیەک لەمەوبەر سوپا چاوی تێبڕیبوو و هەوڵی دروستکردنەوەی سەربازگەی دەدا، بەڵام ئێستا بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران دەبێ بکرێتە مۆنیومێنت.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە