لە وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلێکدا لە چەمچەماڵ ژنێک گیانی لەدەستدا و چوار کەسیش برینداربوون


رووداو دیجیتاڵ 

لە رووداوێکی هاتووچۆودا لە سنووری قەزای چەمچەماڵ، ژنێکی تەمەن 30 ساڵ گیانی لەدەستدا و چوار کەسی دیکە برینداربوون کە سەرجەمیان ئەندامی یەک خێزانن. ئەفسەرێک لە هاتووچۆی چەمچەماڵ دەڵێت، "رووداوەکە بەهۆی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلێکی لاندکرۆزەرەوە بووە."
 
رۆژی هەینی 21-4-2023، شۆڕش ساڵح، رێگەپێدراوی پۆلیسی هاتووچۆ لە بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی چەمچەماڵ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەیانیی ئەمڕۆ بەهۆی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلێک لە جۆری لاندکرۆزەر لە نێوان قەرەهەنجیر و بانی مەقان لە سنووری قەزای چەمچەماڵ پێنج کەس برینداربوون کە سەرجەمیان لە یەک خێزانن، بەڵام دواتر بەهۆی سەختی برینەکەیەوە یەکێک لە بریندارەکان گیانی لەدەستدا."
 
شەریف رەحیم، جێگری بەڕێوەبەری تەندروستیی چەمچەماڵیش بە رووداوی گوت، "بەهۆی ئەو رووداوەوە ئافرەتێکی تەمەن 30 ساڵ گیانی لەدەستداوە و بریندارەکانی دیکەش لە نەخۆشخانەن و چارەسەر وەردەگرن."
 
رێگەی قەرەهەنجیر - بانی مەقان یەکێکە لە رێگە قەرەباڵخەکان و زۆر جار رووداوی هاتووچۆی تێدا روودەدات.