بەڕێوەبەری ناحیەی سەرگەڕان: لە شەڕەکەی پەلکانەدا سێ کەس بریندار بوون

21-04-2023
سۆران حوسێن
هێزە ئەمنییەکان لەکاتی کۆنترڵکردنی شەڕەکە
هێزە ئەمنییەکان لەکاتی کۆنترڵکردنی شەڕەکە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری ناحیەی سەرگەڕان بە وەکالەت دەڵێت، لە شەڕەکەی ئەمڕۆی نێوان عەرەبە هاوردەکان و هاونیشتمانییان لە گوندی پەلکانە سێ کەس برینداربوون؛ دوانیان عەرەبن و ئەوی دیکەش کوردە. دەشڵێت، دۆخەکە کۆنترۆڵکراوە و ناوچەکە ئارامە.
 
لەبارەی ئاڵۆزی و شەڕی ئەمڕۆی گوندی پەلکانە لە سنووری ناحیەی سەرگەڕان، عەبدولموتەلیب نەجمەدین، بەڕێوەبەری ناحیەی سەرگەڕان بەوەکالەت لە بووڵتەنی کاژێر 08:00ـی رۆژی هەینی، 21ـی نیسانی 2021ـی تۆڕی میدیایی رووداودا گوتی، لە شەڕەکەی ئەمڕۆدا سێ کەس بریندار بوون و لە نەخۆشخانە دەستبەسەرن.
 
عەبدولموتەلیب نەجمەدین گوتی، کاژێر 06:00ـی ئێوارە شەڕەکە دروستبووە، کاتێک چەند گەنجێکی کورد لەنێو بازاڕدا وەستاون و لەگەڵ ئەو عەرەبانەی لەوێ نیشتەجێن دەمەقاڵێ و شەڕ لەنێوانیاندا دروستبووە. گوتیشی: "عەرەبەکان رۆیشتوون و دواتر بە خەڵکی زیاترەوە گەڕاونەتەوە؛ خەریک بوو شەڕەکە تەشەنە بسێنێت، بەڵام سوپای عێراق لە دۆخەکە ئاگادار کرانەوە و لەگەڵ پۆلیسدا دۆخەکەیان کۆنترۆڵکرد و ئێستا دۆخەکە بە تەواویی ئارام بووەتەوە".
 
لەبارەی ژمارەی بریندارەکان، بەڕێوەبەری ناحیەی سەرگەڕان بە وەکالەت گوتی: "سێ کەسی بریندار گەیێندراونەتە نەخۆشخانە؛ دوانیان عەرەبن و ئەوی دیکەشیان کوردە؛ هەرسێ کەسەکەش وەک تۆمەتبار لە نەخۆشخانە دەستبەسەرن".
 
بریندارەکان رەوانەی نەخۆشخانەی دوبز کراون، یەکێکیان بە بۆری لەسەری دراوە، بەڵام عەبدولموتەلیب نەجمەدین دەڵێت "تەندروستییان باشە".
 
سێ کەس وەکو تۆمەتبار راگیراون و هەردوو لایەنی شەڕەکەش تاوەکو ئامادەکردنی ئەم هەواڵە سکاڵای یاساییان دژی یەکتر تۆمار نەکردووە.
 
گوندی پەلکانە دەکەوێتە رۆژئاوای کەرکووک و سەر بە شارۆچکەی سەرگەڕانە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە