سزای پێنج ساڵ زیندانیکردن بۆ فەرمانبەرێکی شنگال بە 'تاوانی دروستکردنی ناسنامە'ی ساختە دەرکرا

21-04-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

دادگەی دووی هێزەکانی ناوخۆ لە پارێزگای نەینەوا سزای پێنج ساڵ و شەش مانگ زیندانیکردنی بۆ فەرمانبەرێک لە بەڕێوەبەرایەتیی رەگەزنامەی باری شارستانیی شنگال دەرکرد، ئەوەش بە "تاوان"ی دروستکردنی ناسنامەی ساختە. پەرلەمانتارێکی عێراق دەڵێت، "تاوەکو ئێستا لەسەر ئەو دۆسیەیە پێنج بۆ شەش کەس دەستگیرکراون. ئەو کەسانە ناسنامەی ساختەیان بۆ دەیان کەس دەرکردووە."
 
رۆژی پێنجشەممە 20-4-2023، دادگەی دووی هێزەکانی ناوخۆ لە پارێزگای نەینەوا سزای پێنج ساڵ و شەش مانگ زیندانیکردنی بۆ فەرمانبەرێکی بەڕێوەبەرایەتیی رەگەزنامەی باری شارستانیی قەزای شنگال دەرکرد، ئەوەش بە "تاوان"ی ئەوەی ناسنامەی باری شارستانیی عێراقی بۆ چەندین کەس دەکردووە کە خەڵکی عێراق نین. 
 
ماجید شنگالی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق و نوێنەری شنگال لەبارەی ئەو دۆسیەوە رۆژی پێنجشەممە 20-4-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تاوەکو ئێستا پێنج بۆ شەش کەس لەسەر ئەو بابەتە دەستگیرکراون؛ بەشێکیان لە مەخموور و لە ناوچەی دیکە دەستگیرکراون. ژمارەیەکی زۆر ئەندامی پەکەکە هەن کە خەڵکی عێراق نین. هەندێک کەس و فەرمانبەر بە ساختە هەڵدەستن بە دروستکردنی ناسنامەی ساختە بۆیان بۆ ئەوەی کێشەیان بۆ دروست نەبێت."
 
سەبارەت بە وردەکاریی بابەتەکە، پەرلەمانتارەکە گوتی، "ئەو کەسانەی کاری ساختەکارییەکە دەکەن ناسنامەی ئەو کەسانەی رۆیشتوون بۆ ئەوروپا یان مردوون بۆ ئەندامانی پەکەکە چاک دەکەن، تەنیا وێنەیان لەسەر ناسنامەکان دادەنێن. ئێمە لەسەر ئەو بابەتە چەند جارێک داواکارییمان پێشکێشی لایەنە پەیوەندیدارەکان لە وەزارەتی ناوخۆ و پەرلەمانی عێراق کردووە."
 
لە ساڵی 2020 لە پێناوی ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال و گەڕانەوەی ئاوارەکان و رێکخستنی چوارچێوەی کارگێڕی و ئەمنی لە شارۆچکەکە، حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ نوێنەری نەتەوەیەکگرتووەکان لەسەر چەند خاڵیک رێککەوتن، بەڵام لەوکاتەوە جێبەجێ نەکراوە. بوونی گەریلای پەکەکە و هێزەکانی نزیک لە پەکەکە یەکێکە لەو ئاڵنگارییانەی رێگرە لەبەردەم جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە و چەند جارێکیش ئەو هێزانە بەتایبەت لەساڵی 2022 لەگەڵ هێزەکانی سوپای عێراق رووبەڕووبوونەتەوە و کوژراو و برینداریان لێکەوتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی کۆمەڵی دادگەری

کۆمەڵی دادگەریی کوردستان 59 بەربژێری بۆ پەرلەمانی کوردستان هەیە

کۆمەڵی دادگەریی کوردستان 59 بەربژێری لە هەر 4 بازنەکەی هەرێمی کوردستان بۆ پەرلەمانی کوردستان هەیە. سەرۆکی لیستی ئەو حیزبە لە بازنەی هەولێر دەڵێت، خەڵک لە دەرەوەی کۆمەڵیش ویستبێتی لەسەر لیستی ئەوان خۆی بەربژێر بکات، پەسندیان کردووە.