ئۆتۆمبێلێک دەکەوێتە نێو بەنداوی چەمی سمۆر لە قەرەداخ


رووداو دیجیتاڵ

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ بەهۆی نەمانی ئیستۆپەوە ئۆتۆمبێلێک دەکەوێتە نێو بەنداوی چەمی سمۆر لە قەرەداخ.
 
رەئوف شێخ كەمال، قایمقامی قەرەداخ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چەند خێزانێک لە سلێمانییەوە بەمەبەستی گەشت و سەیران سەردانی ناوچەی قەرەداخیان کرد، بەڵام بەهۆی تەڕی و خزیی رێگەکە و نەمانی ئیستۆپەوە، ئۆتۆمبێلەکەیان کۆنترۆڵی لەدەستدا و کەوتە نێو بەنداوی چەمی سمۆرەوە.
 
قایمقامی قەرەداخ ئاماژەى بەوە کرد، پێش ئەوەی ئۆتۆمبێلەکە بکەوێتە نێو بەنداوەکەوە، سەرنشینەکان فریاکەوتوون، خۆیان فڕێداوەتەوە دەرەوە و رزگاریان بووە، بۆیە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.
 
بەگوتەی قایمقامی قەرەداخ، تیمەکان خەریکن ئۆتۆمبێلەکە لەنێو بەنداوەکە دەربهێننەوە، کە کەوتووەتە نێو قوڵایی ئاوەکەوە.