جێگری سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایان: حكومەت ئامادە نییە پلەبەرزكردنەوەی مامۆستایان دەستپێبكاتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

لە سەرەتای ساڵی خوێندنی 2022 یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان یاداشتێکی چەند خاڵییان دایە سەرۆکایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی دارایی بە مەبەستی پلەبەرزکردنەوەی مامۆستایان، بەڵام بەگوتەی جێگری سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان، حکومەت وەڵامیان ناداتەوە.
 
عەتا ئەحمەد، جێگری سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "ئێمە وەکو یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان دوو ئەرکی سەرەکیمان هەیە کە داکۆکیکردنە لە مامۆستایان و هاوشانی وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە خەمی پڕۆسەی پەروەردەداین، یەکێک لەو شتانەی لەم چەند ساڵەی رابردوو خەمی ئێمە بووە بابەتی مووچە و بەرزکردنەوەی پلەی مامۆستایان بووە کە ماوەی شەش ساڵە راگیراوە، بۆیە لەڕێگەی یاداشتێکەوە داوامانكردووە پلەبەرزكردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران دەستپێبكاتەوە، چونکە ئێستا نرخی نەوت بەرزبووەتەوە و شەڕی داعشیش نەماوە، بۆیە هیچ پاساوێك بۆ بەردەوامی راگرتنی نەماوە".
 
بەگوتەی جێگری سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایان، حکومەت لەگەڵ ئەوەی ئامادەنییە پلەبەرزکردنەوەی ئەم چینە دەستپێبکاتەوە، هاوکات سیاسەتی دواخستنی موچەش پەیڕە و دەکات بۆ ئەوەی کێشەکانی دیکە لەبیری خەڵک بباتەوە و تەنیا بەهاتنی مووچەکانیان رازییان بکات، لەکاتێکدا پلەبەرزکردنەوە بابەتێکی یاساییە و راگرتنی پێچەوانەی یاساکانە.
 
لەبارەی خاڵێكی دیكەی ناو یاداشتنامەکەیان عەتا ئەحمەد ئاماژەی بەوە کرد: "لە ساڵانی رابردوودا تاقیكردنەوە بەراییەکان  بوودجەیەكی تایبەتی بۆ دیاری دەكرا، بەڵام لە ساڵی رابردووەوە تاوەکو ئێستا نزیکەی 10 مانگە حكومەت پارەی چاودێرانی هۆڵەكانی تاقیكردنەوەی ساڵی رابردووشی خەرجنەکردووە ئەگەرچی وەزارەتی دارایی بڕیاری خەرجکردنەکەی داوە، بەڵام تاوەکو ئێستا جێبەجێنەکراوە."
 
جێگری سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان باس لەوەش دەکات، لە کاتێکدا کە نزیکدەبنەوە لە تاقیکردنەوە بەراییەکانی پۆلی 9 و 12ـی ئامادەیی، خەرجنەکردنی ئەو بودجەیە بۆ تاقیکردنەوەکان، چاوەڕێدەکرێت كاریگەریی نەرێنی لەسەر تاقیكردنەوەكان هەبێت و مامۆستایان ئامادەنەبن بچنە هۆڵەکانی تاقیکردنەوەوە.