لە هەولێر باوکێک و سێ منداڵی نەخۆشی شەکرە و گرژەکۆلۆنیان هەیە

21-04-2022
لە هەولێر باوکێک و سێ منداڵی نەخۆشی شەکرە و گرژەکۆلۆنیان هەیە
لە هەولێر باوکێک و سێ منداڵی نەخۆشی شەکرە و گرژەکۆلۆنیان هەیە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

پێشمەرگەیەکی خانەنشین لە هەولێر نەخۆشە و چوار مانگە کەوتووەتە نێو جێگە، ناجیح عەلی تەمەن 48 ساڵ، 12 ساڵە بە دەست نەخۆشی شەکرە و گرژەکۆڵۆن دەناڵێنێت، تاوەکو ئێستاش چوار جاری تووشی جەڵتەی کۆڵۆن بووە.
 
ناجیح عەلی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "2010 هەستم بە نەخۆشییەکەم کرد، وەکو ئێستا جەڵتە لێیدام ئەو کاتیش دوو جار جەڵتە لێیدام، ئەوە چوارەم جارە جەڵتە لێم بدات، مانگانە بایی 150 هەزار دینار دەرمانی شەکرە دەکڕم، دەرزی نەخۆشی مەعیدەشم رۆژانە دوو دەرزییە هەر یەکی بە 15 هەزار دینارە."
 
لە بنەماڵەکەی ناجیح نۆ کەس بەهۆی نەخۆشی شەکرە و شێرپەنجەی کۆلۆن گیانیان لەدەستداوە، بەهۆی کەمی مووچەی خانەنشینییەکەی و زۆری خەرجی دەرمان و پێویستی ماڵ، ئێستا لەسەر نەخۆشییەکەی دوو هەزار دۆلار قەرزداری کڕینی داو دەرمانە.
 
ستی حەسەن، هاوژینی ناجیح باس لەوە دەکات، "شەو تاوەکو بەیانی دەبێت بە دیاری دابنیشین، دۆخی تەندروستی خراپ دەبێت، نەوەک جەڵتە لێیبدات و تەنگەنەفەس دەبێت، دۆخی تەندروستی زۆر خراپە لەبەر ئازارەکانی دەگریێت، ئێستا پارەمان نییە دەرمانەکانی بۆ بکڕم و دکتۆر گوتی، دەبێت نازوری گەدە بکات، بەڵام پارەمان نییە بۆی بکەین."
 
ناجیح ناتوانێت بەشێكی زۆری دەرمانەکانی بکڕێت، ئەوەش وایکردووە شەکرەکەی بەردەوام بەرز و بێ کۆنتڕۆڵ بێت کە هۆکاربووە بۆ ئەوەی کاریگەری لاوەکی لەسەر زۆربەی ئەندامەکانی جەستەی دروستبکات. 
 
د. سەڵام فەرید، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەناو بە رووداوی گوت، "بە دڵنیاییەوە نەخۆشی شەکرە چەندین کاریگەری لەسەر هەموو ئەندامەکانی جەستە هەیە، بە تایبەت لەسەر دەمارەکان بەراورد بە بەشەکانی دیکەی جەستە، بە دیاریکرداوی دەمارەکانی دڵ و دەماخ، هاوکات کاریگەری لاوەکیشی لەسەر گورچیلە هەیە بۆ ماوەیەکی درێژخایەن، هەروەها کاریگەری لەسەر هەستە دەمارەکانیش دەبێت. بۆیە کۆنترۆڵکردنی شەکرە شتێکی پێویستە، بەڵام بەداخەوە [ناجیح] بەدەست شەکرەوە دەناڵێنێت، شەکرەکەشی بە هیچ شێوەیەک کۆنتڕۆڵ نەکراوە".
 
ناجیح باوکی حەوت منداڵە، سێ منداڵی هاوشێوەی باوکیان نەخۆشی شەکرە و گرژەکۆلۆنیان هەیە، نزیکەی دوو ساڵیشە کچێکی تەمەن 20 ساڵانی بە شێرپەنجەی گەدە گیانی لە دەستداوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە