رووداو-هەولێر
سکرتێری سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان رایگەیاند: رەشنووسی یاسای رۆژنامەگەری ئامادەیە و ئەمڕۆ سەردانی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و شاندێکی شارەزایانی نێودەوڵەتی دەکەن بۆ گفتوگۆکردن لە بارەی رەشنووسەکە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 21ی نیسانی 2022، هەندرێن ئەحمەد، سکرتێری سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان بە (رووداو)ی راگەیاند: "سەندیکای رۆژنامەنووسان بە ئەرکی خۆی دەزانێت رەشنووسی یاسای رۆژنامەگەری ئامادە بکات، ئێستا رەشنووسەکە هەموو کارەکانی تەواو بووە، کۆنگرە و چالاکییەکانمان دەستیپێکردووە و سەندیکای رۆژنامەنووسان دەیەوێت لەگەڵ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان گفتوگۆیەکی کراوەی هەبێت لەسەر ئەوەی چۆن بواری میدیا لە کوردستان رێکبخرێتەوە."
سەبارەت بەو گۆڕانکارییەی لە یاسای ژمارە 35ی ساڵی 2007 رۆژنامەگەری هەرێمی کوردستان دەکرێن، هەندرێن ئەحمەد گوتی، "دوو خاڵی گرنگ لە رەشنووسی یاسای رۆژنامەگەری هەیە، یەکەم، ئەو بەشەی پەیوەندی بە ئازادی رادەربڕین و رۆژنامەنووسی هەیە لە یاسای ژمارە 35ی ساڵی 2007 لە رەشنووسی یاسای رۆژنامەگەری بەهیچ شێوەیەک دەستی بۆ نابەین، دووەم ئەو کات تەنیا باس لە رۆژنامەنووسی کاغەز کراوە، بەڵام لە رەشنووسەکە گۆڕانکاری کراوە، چونکە ئێستا میدیای ئەلکترۆنی هەیە، دەمانەوێت یاساکە بەشێوەیەکی گشتگیر بێت و هەموو پێشکەوتنەکانی تەکنەلۆژیا و ئەوانەی لە داهاتووش دێن لە خۆبگرێت بۆ ئەوەی ناچار نەبین دووبارە هەمواری بکەینەوە و رۆژنامەنووس لە ئەلیکترۆنی، رادیۆ، رۆژنامە، تەلەفزیۆن یان هەر شوێنێکی دیکە بێت، وەک رۆژنامەنووس مامەڵەی لەگەڵ بکرێت."
ئێستا جگە لە رۆژنامەنوس چالاکڤانی میدیایی دەبینرێت کە بەردەوام رای تایبەتی خۆیان هەیە، بە گوتەی سکرتێری سەندیکای رۆژنامەنووسان، "یەکێکی دیکە لەو خاڵانەی کە گۆڕانکاری بەسەر دێت ئەوەیە، رۆژنامەنووسی پیشەیی لە چالاکڤانی میدیایی جیابکەینەوە، ئێمە داکۆکی لە هەموو ژیانی رۆژنامەنووسی پیشەیی دەکەین".
بەگوتەی هەندرێن ئەحمەد، "ئێستا کۆڕ و کۆنفرانسەکانمان دەستیپێکردووە و ئەمڕۆ سەردانی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و شاندێکی شارەزایانی نێودەوڵەتی دەکەین، بڕیارە لەگەڵ هەموو فراکسیۆنەکانی پەرلەمان و لیژنەی رۆشنبیریش کۆببینەوە بۆ ئاڵوگۆڕکردنی بیروڕا."
بەشێک لە میدیاکاران بەردەوام گلەیی ئەوە دەکەن کە بە ئاسانی دەستیان بە زانیاری ناگات، هەندرێن ئەحمەد لەو بارەوە گوتی، "لە ساڵی 2012 یاسای بەدەستهێنانی زانیاری دەرچووە بەڵام تاوەکو ئێستا یەک رۆژنامەنووسمان نییە سکاڵای تۆمارکردبێت و بڵێت داوای زانیاریم لە فڵان فەرمانگە کردووە بەڵام پێیاننەداوم، زۆرجاریش زانیاری لە لایەنێکی دیاریکراو دێت بە یەک دوو کەناڵ دەدرێت و بە هەمووی رۆژنامەنووسێک نادرێت یان رێگری دەکەن لە رۆشتنە ژوورەوەی کەناڵێکی دیاریکراو بۆ کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی، ئەوە ملمڵانییەکی سیاسییە نابێت تێکەڵ بکرێت لەگەڵ یاسای رۆژنامەنووسی و بابەتی ئازادی ئەم ملمڵانییە بە یاسا هەبێت یان نا هەر چارەسەر نابێت، دەبێت لایەنەکان ببنە هێزی دیموکراسی و مامەڵەیەکی دیموکراسی بکەن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ