لە دەڤەری راپەڕین باندێکی رفاندنی منداڵ دەستگیر دەکرێت

رووداو - چوارقوڕنە

لە شارۆچکەی چوارقوڕنەی سەر بە قەزای رانیە باندێکی دوو کەسی بە تۆمەتی رفاندنی منداڵێکی تەمەن هەشت ساڵان دەستگیر دەکرێن.

لیوا لەشکر سەعید، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند "رۆژی پێنجشەممە 21-4-2016 لە شارۆچکەی چوارقوڕنە منداڵێکی هەشت ساڵان لەلایەن دوو کەس دەڕفێندرێت و لەدوای رفاندنەکە داوای پارە لە کەسوکارەکەی دەکەن، بەڵام هێزەکانی پۆلیس و ئاسایشی دەڤەری راپەڕین بەهاوکاری دژە تیرۆر هەردوو تۆمەتبارەکە دەستگیر دەکەن ".

بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین گوتیشی "ئەو تۆمەتبارانە منداڵەکەیان بۆ پارە رفاندبوو، هیچ خزمایەتییەکیان لەگەڵ یەکتر نەبووە ویستوویانە دوای وەرگرتنی پارە لەکەسوکارەکەی منداڵەکە بێ سەروشوێن بکەن".

 لەشکر سەعید ئاماژەی بەوەشدا "هەردوو تۆمەتبارەکە خەڵکی شارۆچکەی چوارقوڕنەن و لەلایەن پۆلیس لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت".