دڵشاد شەهاب: بە هەموو توانامانەوە کار بۆ سەرخستنی پڕۆسەی ئاشتی دەکەین

دوێنێ کاژێر 01:00
پەیمان محەممەد
دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە ئامەد میوانی هێڤیدار زانا، پێشکێسکاری رووداو بوو.
دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە ئامەد میوانی هێڤیدار زانا، پێشکێسکاری رووداو بوو.
A+ A-
رووداو دیجییتاڵ 

گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە ئاهەنگی نەورۆزی ئامەد بەشدارە و دەڵێت، ''جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە گرنگییەوە دەڕوانێتە پڕۆسەی ئاشتی" و جەخت لەوە دەکاتەوە ئامادەن بە هەموو تواناوە کار بۆ سەرخستنی پڕۆسەکە بکەن.
 
ئەمڕۆ هەینی 21-03-2025، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە پەراوێزی بەشداریکردنی لە ئاهەنگی نەورۆزی ئامەدی باکووری کوردستان لەبارەی پڕۆسەی ئاشتییەوە بە هێڤیدار زانا، پێشکێشکاری تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ''جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان وەک هەر کاتێک دووپاتی ئەوە دەکاتەوە کە هەرێمی کوردستان بە گرنگییەوە دەڕوانێتە پڕۆسەی ئاشتی و بەڕێوەچوونی پڕۆسەکە.''
 
دڵشاد شەهاب گوتی، بە نوێنەرایەتیی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ئاهەنگەکەدا بەشدارە و پەیامێکی تایبەت بە سەرۆکایەتییەکە و سەرۆک بارزانیش دەخوێنرێتەوە.
 
لەبارەی نێوەرۆکی پەیامەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان گوتی، پەیامی ئاشتی و پێکەوەژیانە و ''رێزدار نێچیرڤان بارزانی جەخت لەوە دەکاتەوە کە هەرێمی کوردستان ئامادەیە هەر شتێک کە بکەوێتە ئەستۆی، بۆ سەرخستنی پڕۆسەی ئاشتی بیکات.''
 
ئاهەنگی ئەم ساڵ لەکاتێکدایە کە پێڤاژۆی ئاشتی لە بەرەوپێشچووندایە و گفتوگۆی ئاشتی بۆ پرسی کورد هەیە لە تورکیا.
 
جیا لە پەیامی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و سەرۆک بارزانی، پارتە کوردستانییەکان لە ئاهەنگەکەدا پەیامیان دەبێت؛ هەروەها باس لەوە دەکرێت کە ئەگەری هەیە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) پەیامێکی بەوبۆنەیەوە بڵاوبکرێتەوە. 
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ دڵشاد شەهاب
 
رووداو: ئەمە جاری یەکەمە کە بەشداری دەکەیت؟
 
دڵشاد شەهاب:  بەڵێ ئەمە جاری یەکەمە.
 
رووداو: چیت لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانەوە لەگەڵ خۆت هێناوە بۆ ئەم نەورۆزە؟
 
دڵشاد شەهاب: پێش هەموو شتێک نەورۆز لە ئێوە پیرۆز بێت، لە گەلی ئێمە پیرۆز بێت لە هەر شوێنێک کە هەن، لە گەلی خۆشەویستی ئامەد پیرۆز بێت، نەورۆزی ئامەد تایبەتمەندییەکی هەیە لە دڵی سەرجەم کوردان دا  لە هەر شوێنێک کە بن. من بە نوێنەرایەتیی جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، رێزدار نێچیرڤان بارزانی، ئەمڕۆ ئەم شەرەفەم بۆ دروستبووە کە لەگەڵ خوشک و برایانی خۆمان لە ئامەد [ئاهەنگ بگێڕین]، پیرۆزبایی هەولێر، ئاکرێ، سلێمانی، دهۆک، هەر کەسێک کە لە هەرێمی کوردستانە و سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بۆ گەلی خۆشەویستی خۆمان، بۆ هەڤاڵی خۆمان، بە دۆست و برا و خوشکی خۆشەویستی خۆمان لە ئامەد و هەر شوێنێکی جیهان بگەیێنین.
 
رووداو: پەیامێکی تایبەتتان لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان هێناوە؟
 
دڵشاد شەهاب: بەڵی. بۆ پیرۆزبایی و پێزانینی ئەو ئامادەبوونە گەورەیە و بۆ گەیاندنی سڵاو و رێزی جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان. نەورۆزی ئەمساڵ تایبەتمەندییەکی هەیە کە لەکاتێکدا تێدەپەڕێت کە پڕۆسەی ئاشتی هەنگاوی باشی ناوە، جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان وەک هەر کاتێک دووپاتی دەکاتەوە کە هەرێمی کوردستان بە گرنگییەوە دەڕوانێتە پڕۆسەی ئاشتی و بەڕێوەچوونی پڕۆسەکە و جەخت لەوە دەکاتەوە، هەرێمی کوردستان ئامادەیە هەر شتێک بکەوێتە سەر شانی، ئێمە ئەنجامی بدەین بۆ سەرخستنی ئەم پڕۆسەیە. دەستخۆشی و رێز و سڵاوی هەیە بۆ هەر کەسێک کە رۆڵێکی ئەرێنی گێڕاوە لە بەرەوپێشبردنی ئەو پڕۆسەیە، بەتایبەتی دەوڵەتی تورکیا بەشێوەیەکی تایبەتیتر سەرۆککۆمار، رێزدار رەجەب تەیب ئەردۆغان.
 
ئەم رێگەیە رێگەیەکی ئەستەمە، رێگەیەکی گرنگە، رێگەیەکی پڕ بایەخە، رێگەی پێکەوەژیانە، رێگەی ئاشتییە، دوای ئەوەی ئەزموونی ئەو ناوچەیە پشتڕاستی کردووەتەوە کە هیچ کێشەیەک، بە شەڕ و خوێنڕشتن و فرمێسکی دایک و هەتیوبوونی منداڵان چارسەر نابێت، تەنیا رێگەی دروست ئەوەیە کە رێگەی ئاشتی پیرۆز بنرخێندرێت، بۆیە جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دووپاتی کردەوە کە ئەو، ئامادەیە بە هەر شێوەیەک کە بکرێت، هاوکار بن بۆ سەرخستنی پڕۆسەی ئاشتی، ئەوە پەیامی ئێمەیە، پەیامی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانە و پەیامی هەر کەسێکە لە هەرێمی کوردستان، زۆر بە گرنگییەوە دەڕواننە پڕۆسەی ئاشتی و هیوادارن کە دەستپێکی نەورۆز دەستپێکی ساڵی نوێی کوردی ببێتە دەستپێکی پڕۆسەیەکی ئاشتی و پێکەوەژیان لە هەموو ناوچەکە و بەتایبەتی لە تورکیا.
 
رووداو: ئێوە پەیامێکی نووسراویشتان لەگەڵ خۆتان هێناوە، لەسەر ستەیج دەیخوێننەوە؟
 
دڵشاد شەهاب: بەڵێ لایەن لێژنەی ئامادەکاری نەورۆزی ئامەد داوامان لێکراوە، ئێمە چاوەڕێین.
 
رووداو: پەیامی سەرۆک بارزانیش هەیە؟
 
دڵشاد شەهاب: بەڵێ.
 
رووداو: بە شێوەیەکی گشتی چۆن پێشوازیتان لێکرا؟
 
دڵشاد شەهاب: بۆ من جاری یەکەمە، بەڵام من پرسیارم لە هەڤاڵانی خۆم کرد، پرۆسەی ئاشتی رەنگدانەوەی لەسەر هەموو شتێک هەیە. لەسەر مامەڵەی هەر کەسێک هەیە، لەسەر گفتوگۆ و دانیشتن هەیە، ئێمە زۆر سوپاسی ئامادەکارانی ئەو بۆنەیە دەکەین. پێشوازییەکی گەرم و برایانە و دۆستانەیان لێکردین. ئێمە هەستمان نەکردووە، پار ئێمە بەشداری نەورۆزی ئاکرێمان کرد، ئەمساڵ لە ئامەدین، ئێمە هەستمان بە هیچ جیاوازییەک نەکرد،  چ هەستێکمان هەبوو کە لە هەرێمی کوردستان نەورۆز دەکەین، لێرەش هەمان هەستمان هەیە. 
 
رووداو: هیچ بەرنامەیەکتان هەیە دوای نەورۆز لەگەڵ دەم پارتی کۆببنەوە؟
 
دڵشاد شەهاب: دوێنێ شەو لە کاتی پێشوازی دەرفەتمان هەبوو، هەندێک دانیشتمان لەگەڵ هەڤاڵان کرد، بیروڕامن گۆڕییەوە، ئێمە دووپاتمانکردەوە ئەو رێگەیە رێگەیەکی زەحمەتە، رێگەیەکی پڕ ئاستەنگە، دەبێت ئارامی هەبێت، گەورەیی بۆ ئەو کەسەیە کە پتر ئارام بگرێت، زیاتر زەحمەتی ببینێت، چونکە ئاشتی و پێکەوە ژیان، رزگاربوونی گەلی ئێمە، خۆشی و پێکەوە ژیان، ژیان لەگەل گەلی ئەو ناوچەیە ئەوە دەهێنێت، شتێکی بە بەهایە، شایستەی ئەوەیە قوربانی بۆ بدرێت. ئێمە هەستمان بەوە کرد، ئەوانەی بەو کارە گەورەیە رادەبن، زۆر جیددین، هەنگاوی زۆرباشیان ناوە، ئومێدێکی گەروە دروست بووە، ئێمە ئەوەی لە دەستمان بێت دەیکەین بۆ ئەوەی ئەو پرۆسەیە سەر بکەوێت. رۆڵی سەرۆک بارزانی، رۆڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و لایەنە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان رۆڵێکی پشتیوانی دەبێت، هەروەکو چۆن پێشتریش هاریکار و پشتیوان بووە بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی. ژیانی ئێمە ژیانی سیاسی ئێمە سەلماندوویەتی تەنیا ئاشتی و پێکەوەژیان دەتوانێت خۆشی بۆ گەلانی ناوچەکە بهێنێت. ئێمە دەتوانین وەکو برا بژین.
 
رووداو: هیچ شتێک هەیە کە هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ببەستێتەوە بە پڕۆسەی ئاشتی؟
 
دڵشاد شەهاب: خۆی هاتنی شاندی ئیمراڵی بۆ هەرێمی کوردستان و دیداریان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی لەگەڵ جەنابی سەرۆک بارزانی و لەگەڵ جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەیەیکی گرنگە کە لایەنی پەیوەندیدار بن لە پڕۆسەی ئاشتی، هەم دەوڵەت، ئێمە سوپاسی ئەوان دەکەین کە ئەوە دەرچەیەکی دروست کردووە هەرێمی کوردستانیش تێیدا بەشدار بێت، جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان تێیدا رۆڵێکی کاریگەر ببینێت، ئەوە خۆی نیازێکی زۆر باشە، کاتێک دەوڵەت و  شاندی ئیمراڵی هەردوو لایەن هاوڕا بن لەسەر ئەو بابەتە، [لەکاتێکدا] ئەمە بابەتێکی نێوخۆیی تورکیایە، بەڵام لەوبارەدا ئەوە بەڵگەیەکە کە رۆڵی هەرێمی کوردستان، رۆڵێکی ئاشتیخوازانەیە، رۆڵێکی کاریگەرە بۆ ئەوەی ئاشتی لە ناوچەکە بڕەخسێت، ئەو هاتنە [شاندی ئیمراڵی] و ئەو چاوەڕوانییەی کە لە ئێمە هەیە، بارێکی گرانی خستووەتە سەر ئەستۆی هەرێمی کوردستان و بێگومان بەبێ هیچ شکێک هەموو توانای خۆمان بەکاردەهێنین، هەرێمی کوردستان لە ئەستۆی دەگرێت و بە ئومێدێکی زۆرەوە هەنگاو دەنێت بۆ سەرخستنی ئەم پڕۆسەیە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە