گەشتیاران لە چوار پارچەی کوردستانەوە بەشدارییان لە کەرنەڤاڵی نەورۆزی ئاکرێ کرد

رووداو دیجیتاڵ 

دیمەنەکانی نەورۆزی ئەمساڵی ئاکرێ تایبەت بوون، کوردانی هەر چوار پارچەی کوردستان بۆ بەشداریکردن لە کەرنەڤاڵی نەورۆز، روویان لەو شارە کرد.
 
ئارەزوو، خاوەن کۆمپانیایەکی گەشتیارییە، گەشتیاری لە هەر چوار پارچەی کوردستان و 24 وڵاتی جیهانەوە هێناوەتە ئاکرێ بۆ نەورۆز، کارەکانیشی بوونەتە جێی سەرنجی گەشتیاران.
 
ئارەزوو  حەسەن، خاوەنی کۆمپانیای گەشتیاری لە سلێمانییەوە چووەتە ئاکرێ و بە رووداو گوت "ئاکرێ بووەتە یەکێک لە سیمبوولەکانی کوردستان لەسەر ئاستی جیهان. ئاکرێ ناوی کوردستانی لە جیهان زۆر بەرزکردووە. خەڵک حەزدەکەن جیاوازییەکان ببینن، یەکێک لە شتە جوانەکانی ئاکرێ ئەوەیە خەڵکی ئێرە بەردەوام ئەو ئاهەنگگێڕانەی نەورۆزیان بەرز راگرتووە و ئەو نەریتە لەنێونەچووە، ئەمەش خۆی یارمەتییەکی زۆر باش بووە بۆ ناساندنی کوردستان هەروەها لە رووی ئابووریشەوە سوودبەخشە."
 
گەشتیارێکی رۆژهەڵاتی کوردستان بەناوی پەریسا عەلی رەزا، دەڵێ "زۆر حەزم لەو جەژنەی نەورۆزە، لە هیچ شوێنێک بەمشێوەیە جەژنی نەورۆز پیرۆز ناکرێت."
 
دوو گەشتیاری دیکە کە لە باکوور و رۆژئاوای کوردستانەوە هاتوونەتە ئاکرێ، قسە بۆ رووداو دەکەن و باسی دڵخۆشیی خۆیان بەو کەرنەڤاڵە دەکەن.
 
فیلیس هەڤژوور، گەشتیاری باکووری کوردستان گوتی "من، خەڵکی باتمانم. ئەوە خەونێکی من بوو، پێنج ساڵە خۆم ئامادە دەکەم بۆ بەشداریکردن لە نەورۆزی ئاکرێ، بەڵام بەئەنجام نەدەگەیشت، ئەمجارە بارانێکی بەلێزمە هات و بەمنیان گوت 'مەچۆ' بەڵام من گوتم 'هەر دەچم، ئەگەر بەردیش ببارێت.' ئێستاش کە هاتووم، زۆر دڵخۆشم."
 
محەممەد حەسۆ، گەشتیاری رۆژئاوای کوردستان لە ئاکرێوە دەڵێ "خەڵکی ئاکرێ خزمەتی شۆڕشیان کردووە و شەهیدیان داوە، بەڵام لەناو شارەکەدا دیمەنەکان بەوشێوەیە نین و نەورۆز نابینی، بۆنموونە نابینی کەسێک ئاڵا بە بەردەم دووکانەکەیەوە هەڵبواسێت، یان ئاڵا بەدەستەوە بگرێت، من ئاڵام بە دەستی کەسەوە نەبینی."
 
لەگەڵ ئەوەشدا، محەممەد باسی ئەوە دەکات "لیژنەکان کاری باشیان کردووە، ئاڵایان لەسەر کەلێ و سەر فەرمانگەکان داناوە."
 
لە کەرنەڤاڵی نەورۆزی ئاکرێ 2724 مەشخەڵ لەلایەن هەشت گرووپی خۆبەخشی ئاکرێوە ئامادەکران و هەڵکران، هەروەها بۆ ماوەی 15 خولەکیش یاریی ئاگرین بە ئاسمانی شارەکەوە هاوێژران.